لە ئوسلۆ کۆنگرەی جیهانی دژی ئیعدام بەڕێوە دەچێت

15:44 - 31 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداری سەدان کەسایەتی حقووقی و سیاسی، شەشەمین کۆنگرەی جیهانی دژی ئیعدام لە پایتەختی نۆروێژ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕ، کۆنگرەی جیهانییدژی ئیعدام شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی لە شاری ئۆسلۆ بەرێوە دەبات، کە زیاتر لە هەزار کەس لە کارناسان و مافناسەکان بەشداری تێدا دەکەن.

ئەمساڵ لەو کۆنگرەیەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد بەشداری دەبن و باس لە ئیعدام‌کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران دەکەن.

\"30344.jpg\"
ڕەزا حوسینی، زەینەب جەلالیان و سامان نەسیم
لەو ڕاپۆرتە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، هاتووە، یەکێک لە دانیشتنەکانی ئەو کۆنگریە تایبەت تەرخان کراوە بۆ باس کردن لە سەر دۆسیەی قەزایی هەر یەک لە زەینەب جەلالیان، سامان نەسیم و ڕەزا حوسینی.

زەینەب جلالیان و سامان نەسیم دوو زیندانی سیاسی کورد کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە ئیعدام مەحکووم کرابوون، لە دادگایێکی دووبارەدا، زەینەب جەلالیان حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

هەروەها ڕەزا حوسێنی خەڵکی کوهدەشتی پارێزگای لۆرستانە لە نێوەڕاستی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر ئیعدام کرا.
ئەم کۆنگرەیە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە هەتا ئێستا هەر سێ ساڵ جارێک دەبەسترێت و لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی لە ستراسبورک، ٢٠٠٤ لە مۆنتیڕاڵ، ٢٠٠٧ لە پاریس، ٢٠١٠ ژێنڤ و ساڵی ٢٠١٣ له شاری مادرید پاتیەختی ئیسپانیا بووە.

بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە حالی حازر ٢٣ زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئیعدام لە زیندانەکانی ئێران بوونیان هەیە.

ماوەیەک پێش لە نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بڵاوکراوەتەوە، ئیران لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٥) ٩٩٧ کەسی ئیعدام کردووە کە بە نیسبەت ساڵ پێشوو(٧٤٣) زیادی کردووە.