لە ئوسترالیا بە فەرمی بڕیاری دیپۆرت كردنەوەی پەناخوازان درا

14:51 - 28 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: پرسی دیپۆرت كردنەوەی پەناخوازان بۆ وڵاتی سێیەم لەلایەن پارلەمانی ئوسترالیا و ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتەوە پەسند كرا و یەكەم وەفدی باڵای ئەو وڵاتە گەیشتنە وڵاتی \"ناورۆ\" بۆ وتووێژ لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێ كردنی راگواستنی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، قەیرانی كۆچی نایاسایی لە رێگای كەنارە دەریاییەكانەوە بۆ ئوسترالیا یەكێكە لەو كێشانەی كە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەت و ئۆپۆزیسیۆن لە ماوەی رابردوودا بە بنبەست گەیاند.

هەرچەند هەردوولا لەسەر كۆتایی هێنان بەو قەیرانە كە ساێ‌نە سەدان پەناخواز دەكاتە قوربانی كۆك بوون، بەڵام حكوومەت و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان نەدەگەیشتنە رێككەوتنێك لەسەر چۆنیەتیی كۆتایی هێنان بەو قەیرانە، بەڵام پاش پێكهێنانی لیژنەیەكی سەربەخۆ و ئامادەكردنی راپۆرتێك لەبارەی كێشەی كۆچی نایاسایی كە راسپاردەكانی حكوومەت و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانیشی لەخۆ گرتبوو ، هەردوولا بە فەرمی رایانگەیاند ئەو راسپاردانە دەخەنە بواری جێبەجێ كردنەوە.
\"5730.jpg\"
ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا و ئاژانسەكانی هەواڵی ئەو وڵاتە بڵاویان كردۆتەوە بەپێی ئامارە فەرمیەكان دوێنێ‌ هەینی نوێ كراوەتەوە، 7983 پەناخواز لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە رێگەی كەنارە ئاوییەكانی ئوسترایا و بە بەلەمی بچووكی نەشیاو كە لەلایەن قاچاخچییەكانەوە لەبری پارەیەكی زۆر ریك خراون، خۆیان گەیاندۆتە ئوسترالیا، لە كاتێكدا لە ساڵی رابردوودا نزیكەی 4565 پەناخواز بەو شێوازە گەیشتونەتە ئوسترالیا.

لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، سەبارەت بە ریزبەندی ئەو وڵاتانەش كە هاووڵاتییانیان بە شێوەیەكی نایاسایی و بە بەلەم خۆیان دەگەیەننە ئوسترالیا، ئەفغانستان و ئێران و عێراق لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەن و ئەمەش جیایە لە هەبوونی سەدان پەناخوازی دیكەی بێ دەوڵەت كە پێشتر لەلایەن حكوومەتە ستەمەكارەكانیانەوە ماوەی دەیان ساڵە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێیان كراون و كە بەشێكیان كوردە فەیلەیەكانن كە لەلایەن حكوومەتی بەعسی عێراقەوە لە دەیەكانی حەفتا و هەشتای زایینیدا ئاوارەی ئێران كران و هەروەها موسوڵمانانی وڵاتای \"برمە\"ش كە هەتا ئێستاش بەدەست ئەو ستەمكارانەوە دەنالێنن.

ئاماری مردنی پەناخوازان
ماڵپەڕی فەرمیی كۆچبەرانی ئوسترالیا ئەوەشی خستۆتە روو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 964 پەناخواز بەهۆی خراپیی بەلەمەكانیانەوە و پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا گیانیان لە دەست داوە كە لە ناویاندا دەیان پەنابەری بە رەگەز عێراقی و كورد هەبوون.

راگواستنی پەناخوازان بۆ وڵاتاتی سێیەم و یەكلایی كردنەوەی كەیسەكانیان لەو وڵاتە بە دووبارە ناساندنەوەی ئەو میكانیزمە دادەنرێت كەلە سەردەمی حكوومەتی \"جۆن هاوەرد\" نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2001دا كە بە مەبەستی رێگەگرتن لە شاڵاوی كۆچی نایاسایی و كۆتایی هێنان بە مردنی پەناخوازان كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەم كردمەوەی ئەو قەیرانە هەبوو دانرا، بەڵام لەژێر گوشاری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەوكاتە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە داكۆكی كردن لە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2007دا لە كابینەی حكومەتەمی \"كیڤن روو\"دا هەڵوەشێنرایەوە.

\"5732.jpg\"
چۆنیەتیی دیپۆرت كردنەوەی پەناخوازان
سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێ كردنی راگواستنەكە، لە قۆناغی یەكەمدا 1500 پەناخواز دەگوێزرێنەوە بۆ دووڕگەی \"ناورۆ\" لەكۆی ئەو 1500 پەناخوازە كە بۆ ئەو دوڕگەیە قۆناغ بە قۆناغ دەگوێزرێنەوە و 600 پەناخوازی دیكەش بە هەمان شێوە دەگوێزرنێنەوە بۆ دوڕگەی ( پاپا نیوگینیا) كە هەردووكیان دوو وڵاتی بچووكی دوڕگەیی سەربەخۆن و دەكەونە باكووری خۆرهەڵاتی ئوسترالیاوە لەناو زەریای هێمندا.

رێككەوتنی ساڵی پێشووی نێوان حكوومەتی \"ئوسترالیا و مالێزی\"ش كە بۆ راگواستنی پەناخوازان بوو بۆ مالێزی، هاوشێوەی رێككەوتننامەكەی نێوان ئوسترالیا و وڵاتانی ناورۆ و \"پاپانیوگینیا\" دووبارە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەرلەم پێوەندییەدا سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاندووە، كە حكوومەتەكەی دەیهەوێت ئەو رێككەوتننامانە بە زوویی بخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە كە پێدەچێت پەناخوازان لەژێر خێمەدا دابنرێن لە دووڕگەی ناورۆ تا ئەوكاتەی كەمپەكانییان بۆ ئامادە دەكرێت.

لەبارەی چارەنووسی پەناخوازان دوای راگواستنیان بۆ ئەو وڵاتانە، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاندبوو كە دوای ئەوەی ئەو پەناخوازانەی كە دەیسەلمێنن پەنابەری راستەقینەن هێشتا مەرج نیە ئوسترالیا پێشوازییان لێ بكات و لەوانەیە بنێردرێن بۆ ئەو وڵاتانەی كە دەیانەوێت داڵدەیان بدەن.

لە یەكەم كاردانەوەی نێودەوڵەتیشدا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە توندی راگواستنی پەناخوازانی مەحكووم كرد و ئەو كراەی حكوومەتی ئوسترالییای بە پێشێل كردنی مافەكانی پەناخوازانی وەسف كرد.

\"5735.jpg\"
مانگرتنی پەنابەرانی كوردیش بەردەوامە
هەر لەم پێوەندییەدا چوار پەنابەری سیاسیی كورد، سەرەڕای ئەوەی كە چەندین ساڵە مافی پەنابەرێتییان پێدراوە، لەلایەن \"UN\"ەوە ئاستەنگیان بۆ درووست دەكرێ و رەوانەی وڵاتی سێیەم ناكرێن و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتییان و مانیان لە خواردن گرتووە.

\"كامڕان عەبدوڵڵا زادە فەرد\"، \"بێهزاد میرخانپوور\"، \"شاجان و فاخیر عەبدوڵڵازادە فەرد\"، چوار پەنابەری سیاسیی كورد، رایانگەیاند لە رۆژی سێشەممە، 14ی ئەگۆستی 2012ی زایینی (24ی گەلاوێژی 1391ی هەتاوی)، لەبەردەم كۆمیساریایی بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئانكارا پایتەختی توركیە مانیان لە خواردن گرتووە.

هێندێكیان زیاتر لە 9 ساڵە لە توركیەن و بە فەرمی وەك پەنابەری سیاسی ناسراوە بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو ماوە درێژە و هاتنی وەفدی هەڵگرتنی پەنابەر لەلایەن چەندین وڵاتی جیاوازەوە، بێ هیچ هۆكارێك، بەرپرسانی UNHCR، پێشیان بە گواستنەوەی بۆ وڵاتی سێیەم گرتووە.