لە ورمێ‌پێش بە وەشانی بڵاڤۆكێكی خوێندكاری گیرا

17:29 - 23 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: بڵاڤۆكی خوێندكاریی \" رێژنە\" دوای بڵاو كردنەوەی دوو ژمارە پێش بە وەشانی گیرا و بەڕێوەبەرانی ئەو بڵاڤۆكە لەلایەن لێپرسراونی حەراسەتەوە خراونەتە ژێر زەخت و گوشارەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا، بڵاڤۆكی بێ‌لایەنی رێژنە كە ماوەیەك لەمەوبەر لە زانكۆی ورمێ‌مۆڵەتی چاپ و بڵاو كردنەوەی پێ‌درابوو، ژمارەی یەكەمی لەلایەن خوێندكارانی كوردەوە چاپ و بڵاو كرایەوە، بەڵام دوای چاپی دوویەم لێپرسراون پێشیان بە بڵاو كردنەوەی گرت.

ئەو بڵاڤۆكە بە زمانی فارسی بڵاو دەبووە و ناوەرۆكەكەی باسی لە مێژووی \"ماد\"ە كان دەكرد.

لە ژمارەی یەكەمدا بابەتێك لە ژێر ناوی \" توهم كورووشی\" بڵاو ببووە كە رەخنەی لە پێدا هەڵگووتن بە كورووش گرتبوو.

هەروەها نووسەری ئەو بابەتە رەخنەی لە گۆڕینی پوولی ئێران لە تمەنەوە یا ریاله‌وه‌ بۆ \"پارسه\" گرتووە و بە كارێكی نەشیاوی لەقەڵەم داوە.

بەڕێوەبەرانی ئەو بڵاڤۆكە رایانگەیاندووە، \"خەسارێكی زۆری ماڵیمان وەبەر كەوتووە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە هیچ ناوەندێك حازر نیە ئەو خەسارەمان بۆ قەرەبوو بكاتەوە\".

هەر لەو پێوەندییەدا چەندین بڵاڤۆكی دیكەش بە ناوەكانی روانگە، كورمانج و ماد لە زانكۆی ورمێ‌پێش بە چاپ و بڵاو بوونەوەیان گیراوە.