لە ورمێ کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەدەستی هێزە نیزامییەکان کوژرا

19:05 - 10 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: ٣ رۆژ پێش ئێستا کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی \"سامی مەروانیان\" خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"ی سەر بە ناوچەی \"تەرگەوەڕ\"ی ورمێ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی سامی مەروانیان کوڕی عەبدوڵڵا و تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"ی سەر بە شاری ورمێ کوژراوە و ئەمڕۆ تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە لەلایەن چەند شوانێکەوە دۆزراوەتەوە و دواتر رەوانەی پزیشکی قانوونی شاری ورمێ کراوە و هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە تەرمەکەی رادەستی بنەمـاڵەکەی نەکراوەتەوە.

بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماریی کوردپا، لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ٣ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە کوژراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماریی ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، بێگومان رێژەی کۆڵبەرە کوژراوەکان لەوەش زیاترە.