لە هەولێر دووهەمین فێستیڤاڵی كورتە فیلمی نا بۆ توندوتیژی دەستی پێكرد

15:01 - 4 بەفرانبار 2711
كوردپا: بە نیشان دانی كورتە فیلمی \"بێ‌ئاوێنە\" لە دەرهێنانی هەڵكەوت مستەفا، دووەمین خولی فیستیڤاڵی كورتە فیلمی نا بۆ توندوتیژی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دەستی پێكرد.

هەڵكەوت مستەفا بە ئاژانسی هەواڵدەریی پەیامنێری راگەیاندووە:\"ئامانج لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە پێدانی پەیامێكی گەشبینانەیە بە ژناننی هەرێمی كوردستان، كە رێگایەكی دیكە هەیە لەبری خۆ سوتاندن، كە ئەویش ژیانە\".

راشیگەیاندووە:\"هەر لەم فیلمەدا هەوڵ دراوە پەیامی ژنانی قوربانی بخرێتە روو كە هەموویان پەشیمانن لەو رێگایەی هەڵیان بژاردووە\".

فیلمی \"بێ ئاوێنە\" بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، رێكخراوی NPA نۆروێژی و كۆمپانیای \"فیلم هاوس\"ـە.

ئەم فیلمە دیكیۆمێنتارییە چیرۆكی پێنج ژنی سووتاو لە كوردستان دەگێڕێتەوە.

فیستیڤاڵی كورتە فیلمی نا بۆ توندوتیژی، كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ یەكشەممە 4ی بەفرانبار لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر دەستی پێكردووە و رۆژانی دواتر كاتژمێر چواری ئێوارە لە هەمان هۆڵ فیلمەكان نمایش دەكرێن.