لە هەولێر بە خۆپیشاندان كردەوە كۆمەڵ كوژییەكەی شرناخ مەحكووم كرا

20:27 - 10 بەفرانبار 2711
كوردپا: بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان و كومەڵگای كوردی لە شاری هەولێر بە نیشانەی ئیعتراز و ئیدانە كردنی كۆمەڵ كوژییەكەی شرناخ لە پایەتەختی هەرێمی كوردستان خۆ پیشاندانیان ساز كرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە هەولێر، رێكەوتی 10 بەفرانبار خۆپیشاندانێك بۆ ئیدانە كردنی كوژرانی 35 هاووڵاتیی كوردی كوردستانی توركیە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەرتشی ئەو وڵاتەوە، لە پاركی شانەدەری هەولێر بەڕێوە چوو.

\"2146.jpg\"

دوابەدوای ئەوەێكە لەبەردەم پاركی شانەدەری هەولێر خۆپیشاندەران بە مەبەستی ئیدانە كردنی ئەو هەوڵەی حكوومەتی توركیە دەستیان بە دروشم دان كرد، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیسدا روویدا و لە ئەنجامدا چەند كەسێك بریندار بوون.

هەواڵنێرمان لە درێژەدا رایگەیاند، دوای تێپەڕینی ماوەیەكی كۆرت لەو تێكهەڵچوونە، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بڵاوەی بە خۆپیشاندەران كردووە.

لەو خۆپیشانانەدا نوێنەری بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان و هەروەها رێكخراوە سینفییەكان بەشدارییان تێدا كردبوو.
\"2147.jpg\"
ئەو لایەن و رێكخراوانەی كە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون بریتین لە:
ـ كەمپێنی بەرگری نەتەوەیی
ـ نوێنەری فدراسیۆنی رێكخراوە دێموكراتیكەكان
ـ رێكخراوی لاوانی دێموكراتی كوردستانی عێراق
ـ حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستانی عێراق
ـ سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
ـ گەنجانی وڵات پارێز
ـ پارتی یەكیەتیی نەتەوەیی دێموكراتی كوردستان
ـ نوێنەری كەمپی مەخموور
ـ پارتی چارەسەریی كوردستان
ـ بزووتنەوەی دێموكرات خوازان

بەردەنگانی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا دەتوانن بۆ بینینی وێنەی خۆپیشاندانی شاری هەولێر سەردانی بەشی وێنە بكەن.