لە هەولێر بە بۆنەی یادی رۆژی جیهانی شانۆ فێستیڤاڵێك بەڕێوە دەچێت

17:18 - 7 خاکەلێوه 2712
كوردپا: بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆ، بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی هەولێر، فێستیڤاڵێك لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەبات.

ماڵپەڕی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شانۆوە، هەریەك لە هۆڵی گەل، بەڕێوەبەرایەتی شانۆ، پەیمانگای هونەرە جوانەكان، كۆلیژی هونەرە جوانەكانی كۆیە و رواندز لە پارێزگای هەولێر شانۆ بەڕێوە دەبەن.

ئەو فێستیڤاڵە سەرلە بەیانیی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 8‌ی خاكەلێوە، لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر دەست پێدەكات و لە رۆژی دووەمیشدا لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان چەند نمایشێكی شانۆیی پێشكەش دەكرێ.

دواتریش لە چەندین شاری وەكوو كۆیە، شارۆچكەی رواندز و رانیە چەندین نمایش لەژێر ناوی\" هەرەسی بەفر، فریشتەی كوژراو، چایخانەی عەبۆ و رەش گوڵ\" پیشان دەرێت.

هەر بە بۆنەی رۆژی جیهانی شانۆوە، بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی هەولێر 200 كتێبی شانۆیی وەك دیاری پێشكەشی شانۆكاران دەكات.

ئەو ڤیستیڤاڵە 6 رۆژ دەخایەنێت.