لە هەر شەو و رۆژێکدا ٥ کرێکار لە ئێران گیان لە دەست ئەدەن

21:52 - 27 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: مردنی کرێکاران لە سەرەتای ساڵەوە هەتا مانگی ٧ی ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ٧ مانگی هاوشێوەی ساڵی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوونی بەخۆیەوە بینیوە.

رێکخراوی پزیشکی قانوونیی وڵاتی ئێران لە راپۆرتێک دا بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو مردنی کرێکاران ٢٤% زیاد بوونی بە خۆیەوە بینیوە کە لە ٨٨٨ حاڵەتی مردنی کرێکاران بۆ ١ هەزار و ١٠١ حاڵەت زیادی کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە لە ماوەی ئەو ٧ مانگەی ئەمساڵدا ١ هەزار و ٨٦ کەس پیاو ١٥و کەسیش ژن بوونەتە قوربانی، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٤٥٣ پیاو و ٣ ژن لە بەرزاییەوە کەوتوونەتە خوارەوە، کە بە یەکەم هۆکاری گیان لەدەست دانی کرێکاران دێتە ئەژمار.

لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵدا زۆرترین رووداوی مردنی کرێکاران بە ١٧٧ حاڵەت لە مانگی خەرماناندا و بە ١٠٩ حاڵەت لە مانگی خكەلێوەدا کەمترین رووداوی مردن تۆمار کراوە.

لە مانگی زەزبەری ئەمساڵێشدا بەبەروارد لە گەڵ مانگی رەزبەری ساڵی رابردوو، رووداوی مردنی کرێکاران زیادی کردووە و لە ١٠٩ حاڵەتەوە بۆ ١٧٤ حاڵەت زیادی کردووە کە نێونجی ئەو رێژەیە ٥٦.٦% زیاد بوونی بە خۆیەوە بینیوە.

لەو ماوەیە زۆرتیرین حاڵەت لە پارێزگاکانی تاران بە ١٤٠ حاڵەت، ئیسفەهان بە ٩٤ حاڵەت و خۆراسانی رەزەوی بە ٧٢ حاڵەت زۆرترین رێژەی قوربانی کرێکارانی تێدا تۆمار کراون .

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی پزیشکی قانوونیی ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا (١٣٨١ بۆ ١٣٩٠) ٩ هەزار و ٦٢٥ کرێکار بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە کە سالی ١٣٩٠ بە مردنی ١ هەزار و ٥٠٧ کەس زۆرترین حاڵەت و ساڵی ١٣٨١ بە مردنی ٤٦١ کەس کەمترین حاڵەت تۆمار کراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا هەواڵدەریی کاری ئێران بڵاوی کردەوە ٤٦%ی رووداوەکانی کار لە ئێران لە کارگەکانی بیناسازی دێنە ئاراوە و ٧٠%ی ئەو رووداوانە مردنی کرێکارانی بەدواوە دەبێت، ئەوە لە کاتێک دایە کەلە ئاستی جیهاندا تەنیا ١٧%ی رووداوە مەترسیدارەکانی کار لە پڕۆژەکانی بیناسازی روو ئەدەن.