لە نێوان هاووڵاتییانی شاری پاوە و هێزە ئینتزامییەكان تێكهەڵچوون ساز بوو

15:05 - 5 رەشەمه 2711
كوردپا: لە شەقامی میراوا لە شاری پاوە لە نێوان خەڵك و هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران تێكهەڵچوون ساز بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوای ئەوەی كە هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئێران لە شاری پاوە دەیانهەویست كەلوپەلی زەوت كراوی كاسبكاران بۆ شوێنێكی دیكە بگوازنەوە لەگەڵ پەرچەكرداری خاوەن كەلوپەلەكان بەرەوڕوو بوونەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا خەڵكی مەدەنیی شاری پاوە بە هانای كاسبكارانەوە چوون و لە ئەنجامدا توانیان بەشێكی زۆر لەو كەلوپەلە زەوت كراوانە لە هێزە ئینتزامییەكان بستێنەوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری پاوە ئەوەشی زیاد کردووە، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزەكانی سەر بە پاسگای \"مەلاندەر\" لە نێوان جادەی نەوسوود - پاوە دەستیان بەسەر ژمارەیەك لە كەلوپەلی كاسبكاران و كۆڵبەرانی كورددا گرت.