لە مەهاباد پیاوێك بەیارمەتیی دایكی، هاوسەرەكی خۆی كوشت

15:03 - 27 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: ئازار و ئەشكەنجەی پیاوێك لە شاری مەهاباد بووە هۆی گیان لەدەست دانی هاوسەرەکەی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوپێش پیاوێكی دانیشتووی گەڕەكی \"مەیدانی حەیوانان\"ی شاری مەهاباد بە یارمەتیی دایكی خۆی دەستی داوەتە ئازار و لێدانی هاوسەرەكەی و ئەو رووداوەش بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەكی ئاگاردار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، ئەو پیاوە لەگەڵ دایكی سەر و سیمای هاوسەرەكەی بە ئوتوو سووتاندووە و دواتر هەردووکایان بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.

ئەو ژن و پیاوە لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی \"ئیندرقاش\"ی سەر بە شاری مەهابادن و خاوەن منداڵێكی تەمەن 2 ساڵن و منداڵەكەش چارەنووسی نادیارە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە شوناس و ناوی بكوژان و و کوژراوەكە ئاشكرا نەبووە و هەروەها هۆكاری كوشتنەكەش دیار نیە.

ئەو ژنە چەند ساڵ لەمەوبەر \"رەدوو\" كەوتبوو و هەر بەو بۆنەوە بنەماڵەكەی ئامشۆیان نەكردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرتای ساڵی 1391ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 8 ژن و كچ بەهۆی كێشەی بنەماڵەیی، نامووسی و نادیار كوژراون.