لە مەهاباد خوێندکارێکی کورد بە ٥ ساڵ زیندان حوکم درا

14:21 - 30 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد بە ناوی \"جەماڵ قادرنژاد\" لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە ٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جەماڵ قادرنژاد خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی پەیام نووری میاندواو، خەڵکی گوندی \"حاجی حەسەن\"ی سەر بە ناوچەی \"شامات\"ی مەهاباد لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی حوکم دراوە.

\"9815.jpg\"
ئەو خوێندکارە کوردە ٢٤ی جۆزەردانی ئەمساڵ هاوڕی لەگەڵ ٢ کەسی دیکە بە ناوەکانی \"یەعقوب خزری\" راوێژکاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و خوێندکاری بەشی کارناسیی باڵای دەروونناسی و \"ئومید قادری ئەقدەم\" فیلم هەڵگر و دیکیۆمێنت ساز، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرابوون.

پێشتریش جەمال قادرنژاد لە سەردەمی رێفۆرمخوازەکاندا ماوەی ٤ ساڵ لەناو گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران زیندانی کرابوو.