لە مەهاباد بەهۆی رووداوی كار دوو كرێكار گیانیان لەدەست دا

13:28 - 20 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لە شاری مەهاباد بەهۆی رووداوی كارەوە دوو كرێكار گیانیان لەدەست دا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٦ی خەزەڵوەر لە نزیک شەهرەكی \"كاوە\"ی مەهاباد چەند كرێكارێك لە كاتی كاركردن لەناو بینایەكدا، بەهۆی زیاد رۆكردنی بتوون میچی خانووەكە بەسەریاندا رووخاوە و لە ئەنجامی ئەو رووداوە دوو كرێكاری لاو بەناوەكانی \"شەهریار ئەحمەدی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵگی گوندی \"گوگتەپە\"ی مەهاباد و \"هیوا بێكەس\" تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی گوندی \"گابازەڵە\" دەستبەجێ‌ گیانیان لەدەست داوە.

كەسێكی دیكەیان كە هەتا ئێستا ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە، لەو رووداوەدا بەتوندی بریندار بووە و پشتی شكاوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١‌ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی رووداوی كارەوە ٣٤ كرێكاری كورد گیانیان لەدەست داوە.

بەهۆی نەبوونی بیمەی بێكاری و ئیمكانات و پێداویستی بۆ كرێكاران، پاش رووداوی كرێكار و گیان لەدەست دانیان هیچ مافێكیان پێنادرێ‌ و ئەمەش گرفتێكی دیكەیە بۆ بنەماڵەكانیان.