لە مەریوان کۆنگرەی شاعیری \"گڵکۆی تازەی لەیل\" بەڕێوە دەچێت+وتوێژ

19:01 - 4 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی کوردستان و ئێران، کۆنگرەی \"ئەحمەد بەگی کۆماسی\" لە مەریوان دەستی پێکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆنگرەی یادکردنەوەی شاعیری ناوداری کورد، ئەحمەد بەگی کۆماسی ناسراو بە خاڵۆی کۆماسی، لە کاتژمێر ٩ی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆوە لە تەلاری فەرهەنگ و هونەری مەریوان دەستی پێکرد و هەتا پاشنیوەرۆی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٥ی بەفرانبار بەردەوام دەبێت.

بەپرسی ئەو کۆنگرەی ئەدەبییە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێری کوردپا، وێڕای ئاماژە کردن بە گەیشتنی ٣٥ وتار بۆ بەرێوەبەرایەتیی ئەو کۆنگرەیە، رایەگەیاند؛ لە ماوەی ٢ رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، ١٦ وتار دەخوێندرێتەوەو لەلایەن توێژەر و لێکۆڵەرانەوە شڕۆڤە و تاوتوی دەکرێن.

لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و بەرهەمە ئەدەبی و زانستییەکانی ئەحمەدبەگی کۆماسی نمایش کرا، کە لە لایەن (پەرویز رۆستەمی)یەوە ئامادەکرابوو.

فاتح مستەفایی لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئاخۆ لەماوەی ئەو رۆژەی بەڕێوەجوونی کۆنگرەکەدا پەیکەرەی ئەحمەد بەگی کۆماسی دادەندرێ، گوتی؛ \"بەهۆی نەبوونی بەرهەمێکی هونەریی شیاو کە سیما و رواڵەتی ئەو شاعیرە مەزنەی سەدەی دوازدەی کۆچی – مانگی وێنا بکات، هەتا ئێستا بۆ دروستکردنی پەیکەری ئەحمەدبەگی کۆماسی بۆچوونێکی هاوبەش لە ئارادانییە\".

نووسەران و ئەدیبانی کورد لە شارەکانی سەقز، سنە، مەهاباد، کرماشان، تاران، ئیلام، لوڕستان و خۆراسانەوە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە، کە دوکتور محەمەدعەلی سوڵتانی لەسەر دیوانی شێعریی خاڵۆی کۆماسی چەن وتەیەک پێشکەش دەکات.

\"23811.jpg\"
فاتح مستەفایی: لە ماوەی ٢ رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکەدا، ١٦ وتار دەخوێندرێتەوەو لەلایەن توێژەر و لێکۆڵەرانەوە شڕۆڤە و تاوتوی دەکرێن
بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی مەریوان خۆشحاڵێی خۆی دەربڕی کە لەو کۆنگرەیەدا هێنێک شێعری بڵاو نەکراوەو دەستنووسی ئەحمەدبەگی کۆماسی دەخرێنەڕوو و لایەنە شاراوەکانی ئەو شاعیرە مەزنەی کوردستان لەلایەن لێکۆلەران روون دەکرێتەوە.

دیوانی شێعرەکانی ئەحمەدبەگی کۆماسی چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن حەکیم مەلا ساڵحەوە کۆکرایەوەو لە چاپ درا.

فاتحی لە درێژەدا ئەوەشی باس کرد، کە ئەم کۆنگرەیە بەهاوکاری و دەستپێشخەریی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵگەی پزیشکانی مەریوان، یارمەتیی ماڵیی ئەو کۆنگرەیەی کردووە.

دایکی یەکێک لە شاعیرانی کوردی خەلکی مەریوان بڕی ١٠٠ هەزار تمەن لە یارانەی دوو مانگی خۆی کۆکردۆتەوە خستوویەتییە سەر حیسابی بانکیی کۆنگرەکە.

ئەحمەدبەگی کۆماسی (١٧٩٣ – ١٨٧٦ ز) شاعیری سەدەی ١٩ی زایینی‌یە، کەلە گوندی \"بەردە سپی\"ی سەربە بەخشی سەرشیوی شاری مەریوان لەدایک بووە و شاعیری هاوچەرخی شاعیرانی وەک مەولەوی تاوەگووزی بووە.

گڵکۆی تازەی لەیل، شاکارێکی شین گێڕیی ئەحمەدبەگی کۆماسییە کە بۆ کۆچی هاوسەرەکەی هۆنیویەتییەوە.

ئا: دیاکۆ کوردستانی