لە مەریوان ژنێک لە ترسی "دەسدرێژی" لە دەلاقە خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە

11:58 - 16 خەرمانان 2722

شەوی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان، ژنێک بە ناوی "شلێر ڕەسووڵی" تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی "چەشمییەر" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان، لە ترسی ئەوەیکە پیاوێک دەسدرێژی نەکاتە سەری، خۆی لە دەلاقەی ئەو ماڵە، فڕێ دەداتە خوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارە لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند: "پیاوێک بە ناوی "گۆران قاسم‌پوور" خەڵکی گوندی "گۆشخانی" سەر به شاری سەوڵاوا، بە بیانووی یارمەتی بە ژنەکەی خۆی، داوای یارمەتی لە شلێر ڕەسووڵی دەکات و ئەو ژنەش سەردانی ماڵی گۆران دەکات و دواتر لە مەبەستی ئەو پیاوە تێدەگات و لە ترسی ئەوەیکە دەسدرێژی نەکرێتە سەری، خۆی لە دەلاقەی ماڵی ئەو کابرایە، هەڵدەداتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "شلێر ڕەسووڵی بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کراوە و لە ژێرچاوەدێری پزیشکیی دایە."

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هاوژینی شلێر ڕەسووڵی لە هەرێمی کوردستان خەریکی کرێکارییە و شلێر خاوەنی کوڕ و کچێکی تەمەن ١٦ و ١٣ ساڵانەیە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "بارودۆخی تەندروستیی شلێر ڕەسووڵی نالەبارە و ئاستی هۆشیاری ئەو ژنە، گەیشتووەتەوە ٣یە".

دوای ئەو ڕووداوە ڕۆژی سێشەممە  ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، ژمارەیەک لە ژنان و چالاکانی مافی ژنان لە شاری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە مەڕ بارودۆخی پێکهاتوو بۆ شلێر ڕەسووڵی و نەبوونی ئەمنییەتی ژنان لە کۆمەڵگا، لە بەرانبەر دادگای ئەو شارە کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارت و دانی دروشم، داوای دابینکردنی ئەمنییەتیان بۆ ژنان، کردووە.