لە مەریوان هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

20:56 - 28 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی مینە چێندراوەکان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و کۆ نەکردنەوەیی لە لایەن دەزگا پەیوەندییدارەکانی حکوومەتییەوە، ماوە ماوە شایەتی گیان لە دەستدان و برینداربوونی هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە دەبین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی تەمەن ١٨ ساڵە خەڵکی شاری مەریوان دەکەوێتە سەر یەکێک لە مینە بە جێماوەکان و بەو هۆیەوە قڵاپەی لاقی لە دەست دەدات.

\"\"یەکێک لە ماڵپەڕە خۆجێیەکان شوناسی ئەو هاووڵاتییە کودەی بە ناوی \"م، ڕ\" ڕاگەیاندووە.

ئەو هاوڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"دوو پلوورە\" سەر بە بەخشی سەرشیوی شاری مەریوانە.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢٤ خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی بانەی بە ناوی \"سیروان مستەفایی\" کە بۆ کۆکردنەوەیی ڕووەکی دەرمان چوو بووە یەکێک لە شاخەکانی دەورووبەری گوندی نێروان سەر بە بەخشی ئارمەردە بە هۆی تەقینەوەیی مین لاقی چەپی لە دەستدا.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە پارێزگاکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون.