لە مەریوان شکاندن و سووتاندنی نێرگەلە دەستی پێکردەوە

19:22 - 23 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەریوان، لە رێوڕەسمێکدا، تێکڕای نێرگەلەکانی نێو قاوەخانەکەی شکاند و ئاگری تێبەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢١ی رەشەمە، مەسعوود ساسانی خاوەنی قاوەخانەیەک لە گوندی نژماری سەربە شاری مەریوان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان، تێکڕای نێرگەلەکانی دووکانەکەی بە مەبەستی پاراستنی گیانی لاوانی گوندەکە لە ئاگردا سوتاند.

ئەو رێورەسمە لەلایەن ئەنجومەنی خەڵکیی \"ژیانەوە\"وە رێکخرابوو، کە تیایدا مەسعوود ساسانی کە ماوەی ٥ ساڵ بوو لە قاوەخانەی گوندی بژمار سەرقاڵی نێرگەلە فرۆشتن بوو، دەستی لە نێرگەلە فرۆشی هەڵگرت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئامانجی خۆی لە ئاگرتێبەردانی نێرگەلەی دووکانەکەی بۆ پێشگیری کردن لە بەکارهێنانی نێرگەلە لەو گوندە و هەروەها پێشگیری کردن لە تووشبوونی لاوان بە نێرگەلە، گەڕاندۆتەوە.

دەگوترێ کە مەسعوود ساسانی بە هەوڵی ئەنجومەنی ژیانەوە دەستی لە نێرگەلە فرۆشتن هەلگرتووەو دووکانەکەی کردۆتە شوینی فرۆشتنی ساردەمەنی.

هاوکات ئەنجومەنی ژیانەوە بڕی ١ ملوین و ٥٠٠ هەزار تمەنی بۆ کرینی کەلوپەلی بەستنی دروست کردن پێشکەشی خاوەنی قاوەخانەکە کردووە.

پێشتریش لە هاوینی ئەمساڵدا، خاوەن قاوەخانەیەک لەشاری مەریوان بەناوی \"کەماڵ سەمەدی \" بە هەوڵی ئەنجومەنی ژیانەوەی مەریوان، نێرگەلەی نیو قاوەخانەکەی ئاگر تێبەردا و کردی بە قوربانیی ساخی و تەندروستیی لاوانی کورد.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە ٥ ملوێن کەس بەهۆی ئاسەوارە نەرێنییەکانی نێرگەلە کێشانەوە لە هەموو جیهاندا گیانیان لەدەست ئەدەن.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بێهداشتی وڵاتی ئێران، زیاتر لە سەدا ١٥ی مێر منداڵانی تەمەن ١٣ هەتا ١٥ ساڵ لە وڵاتی ئێراندا نێرگەلە دەکێشن و لە هەر ساڵێکدا ٣٥ هەزار تۆن تەماکۆ لە ئێراندا دەکرێتە دووکەڵ.

\"25389.jpg\"

\"25391.jpg\"

\"25390.jpg\"

\"25388.jpg\"

\"25385.jpg\"

\"25387.jpg\"

\"25383.jpg\"

\"25384.jpg\"

\"25386.jpg\"