لە مەریوان خولێکی پەروەردەیی شانۆ کرایەوە+وێنە

21:02 - 9 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەلایەن ناوەندێکی فەرهەنگی هونەرییەوە لە شاری مەریوان، کارگەیەکی تایبەت بە راهێنان و پەروەردەی شانۆ بۆ خوازیارانی فیربوونی هونەری شانۆ کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ لە پارکی میللەتی مەریوان، بە سەرپەرستیی قوتبەدین سادقی خولێکی پەروەردەی تایبەتی شانۆ دەستی پێکرد.

ئەم کارگەیە، کە شانۆنامەنووسی، دەرهێنەری و ئەکتەری لەخۆ دەگرێت، هەتا رۆژی هەینی، رێکەوتی ١٠ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

\"21214.jpg\"
دوکتور قوتبەدین سادقی، مامۆستا لە زانکۆکانی ئێران
کانوونی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو کارگەیەی لە ئەستۆیە، ئامانجی لە بەڕێوەبردنی ئەو خولە فێرکارییە بۆ \"پەرە پێدانی توانا و لێهاتوویی ئۆگرانی هونەری شانۆ\" گەڕاندۆتەوە.

شاری مەریوان بە یەکێک لە جەمسەرەکانی شانۆ و بەتایبەتی شانۆی سەرشەقام لە وڵاتی ئێراندا لە قەڵەم ئەدرێت.

دوکتور قوتبەدین سادقی ساڵی ١٣٣١ لە شاری سنە لە دایک بووەو دوکتورای شانۆی لە زانکۆی \"سۆرۆبۆن\"ی فەڕانسە بەدەست هێناوەو لە ئێستادا وەکوو مامۆستا لە زانکۆکانی ئێراندا وانەی هونەر و مێعماری دەڵێتەوە.

ئەو مامۆستا کوردە هەتا ئێستا ٣٣ شانۆنامە و ١٢٠ وتاری لێکۆڵینەوەیی نووسیوەەو کاری دەرهێنانی بۆ ١٠ کورتە فیلم کردووە.

وێنە: فەیسبووک

\"21210.jpg\"

\"21211.jpg\"

\"21213.jpg\"

\"21215.jpg\"