لە مەجلیسی ئێران سووکایەتی بە بریندارانی شیمیایی سەردەشت کرا

14:26 - 31 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کردنەوەی پیشانگای وێنەی بریندارانی شیمیای سەردەشت لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەگەڵ رەخنەی توندی داکۆکیکارانی مافی قوربانییانی ئەو چەکانە بەرەوڕوو بووەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەندامێکی ئەنجومەنی بەرگریی لە مافی بریندارانی چەکی شیمیایی سەردەشت رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرانی پیشانگای وێنەی شیمیایی لە مەجلیس، هەڵسوکەوتی نەشیاویان لەگەڵ قوربانییان کردووە.

رەحیم واحیدی باسی لەوەش کردووە، بە داخەوە لە کاتی چوونی ئەندامانی ئەنجومەنی بریندارانی شیمیایی سەردەشت بۆ مەجلیس زانراوە کە ناوی ئەو ئەندامانە بە بەڕێوەبەرانی پیشانگاکە نەدراوە و ئەمەش لە حاڵێک دایە کە چەند رۆژ بەر لە دەسپێکی پیشانگاکە, ناوی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە نوێنەری شاری سەردەشت درابوو.

ئەو پیشانگایە بڕیار بوو رێکەوتی ٢٥ی رەشەممەی ١٣٩٣ بەڕێوە بچێت کە دواتر و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، کردنەوەی پیشانگاکە خرایە ٢٣ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ و تەنیا دوو رۆژ بەر لەدەسپێکی پیشانگاکە ئەندامانی ئەنجومەنی بریندارانی شیمیایی سەردەشت ئاگادار کراونەتەوە.

\"26648.jpg\"لە ئەنجامی کیمیایی بارانی سەردەشت ٨ هەزار کەس بریندار و کەم ئەندام بوون کە ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا ناوی ١٥٠ کەسیان لەریزی برینداراندا تۆمار کردووە
ئەو پیشانگایە رەخنەی دیکەشی لێ گیراوە و باس لەوە دەکرێت کە هیچ هاودەنگێک بۆ کردنەوەی پیشانگاکە لە ئارادا نەبووە، هەروەها ئەو شوێنەی کە بۆ دانانی وێنەکان لەبەر چاو گیراوە لە سووچێکدا و بە دوور لە چاوی بەشداران بووە.

دەوترێت کە نوێنەرانی مەجلیس تەنانەت نوینەرانی کوردستانیش زۆر کەم بووە و سەرەڕای حوزووری نوێنەری دەزگاکانی راگەیاندن، تەنیا رێگە دراوە کە میدیایەکی سەربە مەجلیس کردنەوەی پیشانگاکە رووماڵ بکات.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی وەکوو نوێنەرانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کۆمکوژەکان ( opcw)  و هەیئەتێکی ژاپۆنی بەر لەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی قوربانییانی سەردەشت بچنە ناو پیشانگاکەوە، سەردانی خۆیان لە پیشانگاکە کردبوو و لە کاتی چوونی بریندارانی سەردەشت بۆ پیشانگاکە، راگەیەندرابوو کە سەردان بۆ پیشانگاکە کۆتایی پێهاتووە.

یەکێک لە سایتە ناوچەیی‌یەکان بڵاوی کردبوویەوە کە ئەندامانی ئەنجومەنی بریندارانی شیمیایی سەردەشت نامەیەکیان بۆ عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ئێران ناردووە و تێیدا گلەیی‌یان لە بەشداری نەکردنی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە کردووە.

ئەنجومەنی بەرگریی لە مافی بریندارانی شیمیایی سەردەشت لە ئاستی ئێراندا بە یەکەمین ئەنجومەن دێتە ئەژمار کە ساڵی ١٣٨١ وەکوو ئەندام لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە شیمیایی‌یەکان لە لاهەی هولەند وەرگیراوە و هەتا ئێستاش بەشداریی لە زیاتر لە ١٢ کۆبونەوەی ئەو رێکخراوە جیهانییەدا کردووە.

شاری سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ لەلایەن فڕۆکەکانی رێژیمی بەعسەوە بوردمان کرا و لە کەمتر لە یەک مانگدا ١٤٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست دا.

هەر لە ئەنجامی ئەو بوردمانەدا ٨ هەزار کەس بریندار و کەم ئەندام بوون کە ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا ناوی ١٥٠ کەسیان لەریزی برینداراندا تۆمار کردووە.