لە میاندواو سەربازێكی كورد بەهۆی زەخت و گوشاری هێزەكانی حكوومەت خۆی كوشت

15:35 - 14 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا لە ناوچەی \"شامات\"ی سەر بە شاری میاندواو سەربازێكی كورد بەهۆی زەخت و گوشاری بەرپرسە نیزامییەكانی دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١١ی سەرماوەز هاووڵاتییەك بەناوی \"ئەبووبەكر بابەكری\" كوڕی ئیبراهیم و خەڵكی \"دێمەسوور\"ی ناوچەی شامات سەر بە شاری میاندواو كە سەرباز بووە، دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، كە لەلایەن لێپرسراوانی نیزامییەوە فەرمان بە \"ئەبووبەكر بابەكری\" كراوە كە دەبێ‌ بچێتە كەمین و بۆسە بۆ كاسبكار و كۆڵبەرانی كورد بنێتەوە و بیانكوژی، بەڵام ناوبراو بەو كارە رازی نەبووە، هەر بۆیە زەخت و گوشارێَكی زۆریان بۆ هێناوە و هەڕەشەیان لێكردبوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە دوای ئەوەی چەند رۆژ مورەخەسیی وەرگرتووە گەڕاوەتەوە شوێنی سەربازییەكەی و دەستی داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەست داوە.