لە ماوەی یەك مانگدا 100 هەزار هاوولاتیی سووریە ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە

20:37 - 14 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: تەنیا لەماوەی یەك مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار هاوولاتیی لە شارە جیاجیاكانی سووریە ئاوارە بوون و روویان كردۆتە وڵاتانی دراوسێ.

كومسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، تەنیا لە مانگی ئاگۆستدا زیاتر لە 100 هەزار هاوولاتیی سووریە بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ناوخۆیی، وڵاتەكەیان جێهێشتوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە زۆرترین ژمارەی ئاوارەبوونی هاوولاتییانی سووریە لە سەرەتای دەست پێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەو ولاتەوە كەلە 20 مانگ لەمەوبەرەوە بووە، لە مانگی ئاگوستدا تۆمار كراوە.

هاوكات بەرپرسی لێژنەی خاچی سووری جیهانی لە دیدارێكدا لەگەڵ بەشار ئەسەد داوای لێكردووە كە حكوومەتەكەی رێگا بە رێكخراوە فریاگوزاری و مرۆییەكان بدات بۆ ئەوەی بە هانای ئەو كەسانەوە بچن كەلە ناوچە نائارامەكاندان دەژین و پێویستیان بە هاریكاریی مرۆیی هەیە.

بەپێی ئاماری سەرچاوەكانی مافی مرۆڤی سووریە لە ماوەی 20 مانگی رابردوودا جیا لە ئاوارەبوونی رێژەیەكی زۆری خەڵك بۆ وڵاتانی عێراق، توركیە و لوبنان، زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیش بە دەستی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی سووریە بوونەتە قوربانی.