لە ماوەی مانگێکدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان ٨ جار بانگهێشتنامەیان بۆ دوکتورێکی سەقزی ناردووە

11:13 - 16 خاکەلێوه 2720

ناوەندە ئیتلاعاتییەکان  لە ماوەی مانگێکدا، بۆ گوشار خستەسەر پزیشکی خۆشناوی سەقز، ٨ جار بانگهێشتنامەیان بۆ ناردووە.

لە گرتە ڤیدیۆیەکی ٥٣ خولەکیدا،  دوکتور "ڕەحیم یووسف‌ پوور"، باس لەوە دەکات کە هەر ڕوونکردنەوەیەکی بەنیسبەت نەخۆشیی کۆرۆنا لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا لە ئینستاگرام بڵاو کردووەتەوە، لە لایەن لایەنە پێوەندییدارەکانەوە، ئەو هەواڵە ڕەت کراوەتەوە، کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی.

ئەو پزیشکە کوردە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی پشووی نەورۆزی هەتا ئێستا ٨ جار لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە، بانگهێشتنامەیان بۆ ناردووەم.

ناوبراو هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خاکەلێوە، دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بکەم و لە ئەگەری هەر چەشنە ڕووداوێکی نەخوازراو من هیچ جۆرە نەخۆشییەکەم  نییە و نیگەرانیی خۆی لەو بانگهێشتکردنە، دەربڕیووە".

پێشتریش، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە،  دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور"، پزیشکی خۆشناوی خەڵکی سەقز، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

دوکتور "ڕەحیم یووسف پوور" داوای لە بەرپرسانی حکوومەت لە سەقز کردووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەوسارپچڕاوی کۆرۆنا، ئەم شارە بخەنە دابڕگەوە.