لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لە شاری مێهران، ١١ کەس بوونەتە قوربانیی کەرەستە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ

12:33 - 7 سەرماوەز 2721

لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، ٧ تەقینەوەی مین لە شاری مێهران ڕووی داوە کە کوژراو و برینداربوونی ١١ هاووڵاتیی لێ‌ کەوتووەتەوە.

"مەجید کاکی" فەرمانداری شاری مێهران لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاند کە هەر ساڵە لە شاری مێهران چەندین هاووڵاتیی بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییە بەجێماوەکانی شەڕ، دەبنە قوربانی و لە ئەمساڵدا ١٠ هاووڵاتیی بریندار بوون و هاووڵاتییەکی دیکەش گیانی لەدەست داوە.

ناوبراو هەروەها وتی: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٧ حاڵەتی تەقینەوەی مین و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە شاری مێهران ڕووی داوە کە ١١ کەسی کردووەتە قوربانی".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە ئەوەشی خستە ڕوو کە لە کۆی ئەو ١٠ کەسە بریندار بووە، ٣ کەسیان لە کاتی گەشت و سەیران، دوو کەسیان لە کاتی کشتوکاڵ، کەسێک لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات، دوو کەس لە کاتی گەڕان بۆ دۆزینەوەی جەنازەی کوژراوەکانی حکوومەت لە شەڕی ٨ ساڵە، کەسێک لە کاتی دەسکاریکردنی کەرەستەکانی تەقەمەنی لە ماڵ، بریندار و هەروەها کەسێک لە کاتی دەسکاریکردنی پاشماوەی تەقەمەنی لە ماڵ، گیانی لەدەست داوە.

 شاری مێهران لە ٨٥ کیلۆمتریی باشووری ڕۆژاوای شاری ئیلام هەڵکەوتووە و ١٧ هەزار حەشیمەتی هەیە.