لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٨ کەس لە کوردستان بوونەتە قوربانی مین

20:54 - 16 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ لە سەرەتای شەش مانگی ئەمساڵدا بە هۆی تەقینەوەی مین کوژران و بریندار بوون.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\" ئاماری قوربانیانی تەقینەوەی مینی لە شەش مانگی ڕابردوودا، بۆ ئاژانسی کوردپای ناردووە.

بەپێی ئەو ئامارە، ٢٨ کەس لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام کوژران و بریندار بوون.

بەپشتبەستن بەو ئامارە زۆرترین ڕووداوی قوربانی کەوتنەوە لە تەقینەوەی مین لە پاریزگاکانی کرماشان و سنە ڕوویداوە.

بە گشتیی لەو ئامارە، شەش کەس کوژراو و ٢٢ کەس بریندار بوون و دوو کەس لە قوربانیانی مین تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە.

زۆربەی بەرکەوتووانی تەقینەوەی مین لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا، لە بیاڤی لاق، دەس و چاویانەوە تووشی کەمئەندامی بوون.

پارێزگاکانی ورمێ، سـنە، کرماشان و ئیلام زۆرترین ناوچە مین‌رێژکراوەکانیان لە نێو پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا هەیە و ساڵانە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئەو ناوچانە بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق دەکوژرێن و بریندار دەبن