لە ماوەی ٥ رۆژدا ٢ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان بەزەبری چەک کوژران + وێنــە

21:06 - 9 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی سەربە ئوستانی کرماشان بە زەبری گولـلە کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی جۆزەردان هاووڵاتییەک بەناوی \"شۆرش نووری\" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی نۆدشە لەلایەن هاووڵاتییەکی دیکەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلەو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

\"13021.jpg\"
شۆرش نووری، تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی نۆدشە
ئەو هاووڵاتییە کوژراوە خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ بووە کە بەهۆیەکی ناڕوون لە نێو بازاڕی شاری نۆدشە بەزەبری چەک کوژراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کەس وەک بکوژی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شارۆچکەی نۆدشە دەستبەسەر نەکراوە.

هەروەها رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری کرماشان بە زەبری چەک و بەشێوەیەکی بێ‌بەزەییانە گیانی لێ ئەستێندرابوو.