لە ماوەی ٥ رۆژدا ٢٥ هاووڵاتی لە ئێران ئێعدام کراون

03:22 - 10 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی ئێعدامەکان لە وڵاتی ئێران لە ماوەی ٥ رۆژی رابردوو دا ٢٥ هاوولاتیی لە زیندانەکانی ئەو ولاتە دا ئێعدام کراون.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران رایانگەیاند: رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٦ی بەفرانبار ٦ هاووڵاتی لە زیندانی \"قزلحەساری کەرەج\" بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر ئێعدام کران.

لەلایەکی دیکەوە سه‌رله‌به‌یانى رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانبار له‌ پارکى \"ساحلی\"ی شارى یاسوج ٥ هاووڵاتیی لە بەر چاوی خەڵک ئێعدام کران.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە لە زیندانی ‌ قزڵحه‌ساری کەرەج ٧ هاووڵاتیی کورد ئێعدام کران و لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتییەکی ئەفغانی لە زیندانی ناوەندیی سیمنان لە سێدارە درا.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردەوە، ٤ هاووڵاتییی بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و دەستدرێژی جنسی \"تجاوز بە عنف\" لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد ئێعدام کراون.

سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە ماڵپەڕی هێرانا بڵاوی کردەوە، ٢ هاوولاتیی دیکە لە زیندانی شاری ورمێ بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی مادی هۆشبەر لە سێدارە دراون.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا ١٩٩ هاووڵاتی بە تاوانی جۆراوجۆر لە سەرجەم ناوچەکانی ئێران ئێعدام کراون و ٣٥ هاووڵاتیی دیکەش حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو کراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لە رێژەیەش زیاترە.