لە ماوەی رۆژانی جێژندا ٩ هاووڵاتیی عەرەبی ئەهواز دەستبەسەر کراون

15:19 - 13 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری ئەهواز بە شێوەیەکی بەربڵاو و لە رۆژەکانی جێژنی قورباندا کۆمەڵێک هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازیان قۆڵبەست کردووە.

بەپێی راپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، لە شارەکانی سەر بە پارێزگای خووزستان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە ماوەی رۆژانی جێژنی قورباندا بە شێوەیەکی بەرفراوان هاووڵاتییانی عەرەبیان دەستبەسەر کردووە.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.

\"9630.jpg\"
بەپێێ هەمان راپۆرت ناوی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون بریتن لە:
١- حاجی \"مەکی حلمی‌زادە\" تەمەن ٥٣ ساڵ و خێزاندار، \"نادر حلمی‌زادە\" تەمەن ٤٢ ساڵ و خێزاندار، \"جاسم خەزرەجی\" تەمەن ٣٣ ساڵ، \"ئەمین خەنفەری\" تەمەن ٢٠ ساڵ، \"هادی ئەبوو عیسا\" تەمەن ٣٩ ساڵ رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر لە (محمرە) خوڕەمشار و لە شاری \"عبادان\"، \"هادی راشدی\" تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار و \"مستەفا ئەلبوغبەیش\" تەمەن ٤٢ ساڵ و خێزاندار دانیشتووانی \"کوی تابووگ\" و هەروەها لە شاری ئەهوازیش، رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر \"تۆفیق دورقی\" تەمەن ٣٦ ساڵ، \"عەلی مەزرەعە\" تەمەن ٤١ ساڵ دانیشتوانی \"کووت عەبدوڵڵا\" و \"جەبار عەبیات\" تەمەن ٣٨ ساڵ خێزاندار، \"عەلی سەیاحی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و \"عەبوود مەنبووهی\" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی حەمیدیە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتێکدا بووە کە خەڵکی ئەو ناوچانە بەبێ گوێ دان بە نوێنەری \"وەلایەتی فەقیه\" رێوڕەسمەکانی جێژن و نوێژی جێژنی قوربانیان بەڕێوە بردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، پارلەمانی ئورووپا کردەوە توندوتیژییەکان و ئیعدامی هاووڵاتییانی ئێرانییان مەحکووم کردووە و هەروەها نێردراوی تایبەتیی مافی مرۆڤیش \" ئەحمەد شەهید\" لە کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران کردووە، بەڵام هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە رۆژانی جێژنی قورباندا شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی عەرەبی ئەهوازیان دەست پێکردووە.