لە ماوەی دوو رۆژدا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران سێ‌ لاوی كورد لە ئاودا خنكاون

22:26 - 22 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە شاری سنە، ورمێ‌ و ئیسلام ئابادی غەرب سێ‌ لاوی كورد لە كاتی مەلە كردندا لە بەنداوەكانی كوردستان خنكاون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سێ‌ لاوی كورد بەناوەكانی فەردین قووشچی كوڕی فرووتەن، تەمەن 18 ساڵ خەڵكی سنە و لە بەنداوی گاوشان، موسلیم (مورتزا) شەهسەواری تەمەن 16 ساڵ و خەڵكی ئیسلام ئاباد غەرب لە بەنداوی شیانی ئەو شارە و و لاوێكی تەمەن 28 ساڵ لە بەنداوی شەهرچایی ورمێ‌ لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی ناشارەزایی لە مەلە گیانیان لەدەست داوە.

\"5652.jpg\"
هەواڵنێری كوردپا ئاشكرای كردووە، فەردین قووشچی رۆژی هەینی 20ی گەلاوێژ ر لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی بۆ مەلە سەردانی بەنداوی \"گاوشان\" هەڵكەوتوو لە نێوان سنە و كامیاران كردبوو، بەهۆی ناشارەزایی لە مەلەكردن لەو بەنداوەدا خنكاوە.

لە رووداوێكی دیكەدا لاوێكی تەمەن 16 ساڵەی كورد بەناوی موسلیم شەهسەواری خەڵكی ئیسلام ئابادی كرماشان رێكەوتی 21ی گەلاوێژ لە بەنداوی \"شیان\"ی ئەو شارە بەهۆی گیركردنی لاقەكانی لە قەوزە و قوڕای ناو بەنداوەكە خنكاوە.

لەلایەكی دیكەوە هەمان رۆژ لە بەنداوی شەهرچایی لە دەورووبەری ورمێ‌ سێ‌ لاوی كورد كەوتونەتە ناو ئەو بەنداوەوە و سەرەنجام یەك لەو لاوانە كە تەمەنی 28 ساڵ بووە بەهۆی نەبوونی شارەزایی لە مەلە گیانی لەدەست داوە.