لە ماوەی حەفتەی رابردوودا سێهەمین تەقینەوە سەرپێل زەهاوی هەژاند

15:46 - 2 بەفرانبار 2711
كوردپا: ئێوارەی دوێنێ‌ لە شاری سەپێل زەهاو، دەنگی تەقینەوەی بۆمبێك، بەشێك لە گەڕەكەكانی ئەو شاری هەژاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە كرماشان، ئێوارەی 1ی بەفرانبار لە نزێك بینای فەرماندەیی گشتیی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەرپێل زەهاو، بۆمبێك تەقییەوە كە گەڕەكەكانی دەورووبەری هەژاند.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو، تەقینەوەی ئەو بۆمبە، هیچ خەسارێكی گیانیی لێنەكەوتۆتەوە.

بەوتەی شایەتحاڵان، بەشێك لە هێزە ئینتزامییەكانی شاری سەرپێل زەهاو لە شوێنی تەقینەوەكە كۆ بوونەتەوە.

دەنگی ئەو تەقینەوەیە بەڕادەیەك بووە كە هەموو دانیشتوانی سەرپێل زەهاو بیستوویانە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە ناوخۆییەكانی ئێران، دوو تەقینەوەی دیكە، واتە تەقینەوەی مین و خۆمپارە لە ماوەی حەفتەی رابردوودا لە شاری سەرپێل زەهاو روویان داوە كە بوونەتە هۆی كوژرانی 5 مێرمنداڵ و بریندار بوونی 2 كەسی دیكە.

هەتا كاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە راپۆرت و زانیاریی دیكە لەم بارەوە نەگەیشتۆتە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا.