لە ٩ مانگدا ١ هەزار و ٣٦٣ کرێکار لە ئێراندا گیانیان لەدەست داوە

10:43 - 24 رێبەندان 2719

لە ماوەی  ٩ مانگی ساڵی ٩٨دا، ١ هەزار و ٣٦٣ کرێکار لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە و ئەو ئامارە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو، ٨.٥٪ زیادی کردووە.

"حامید نائیجی" بەڕێوەبەڕی پێوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی وتوویەتی: "گیان لەدەستدان بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران لە ماوەی ٩ مانگدا، ١ هەزار و ٣٦٣ کەس بووە و لەو ڕێژەیەش ١ هەزار و ٣٧٥ کەسیان پیاو  و ٦ کەسیشان ژن بوونه".

بە وتەی ناوبراو، لە  ٩ مانگی ئەمساڵدا برینداربووانی ڕووداوی کار سەرجەم  ٢١ هەزار و ٨٩٦ کەس بووه کە لەو ڕێژەیە ٢٠ هەزار و ٨٥١ کەسیان پیاو و ١ هەزار و ٤٥ کەسیشیان ژن بوونە کە بوونەته قوربانیی ڕووداوی کار.

"نائیجی" هەروەها وتوویەتی: "بەربوونەوە لە بەرزایی کە بە گرینگترین هۆکاری گیانی لە دەستدانی کرێکاران ئەژمار دەکرێت کە لەو ماوەیەدا، ٥٦٠ کەس بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە کە هەموویان پیاون و هەروەها ٣٤٦ کەس بە هۆی بەرکەوتنی شتی قورس گیانیان لە دەستداوە و لەو ڕێژەیەش ٣٤٤ پیاو و  ٢ ژن بوونەتە قوربانی.

تاران ٣٣٩ کەس، مازندەران ٨٢ کەس و خۆراسانی ڕەزەوی ٧٧ کەس پلەکانی یەکەم هەتا سێهەمیان لە ڕووداوی کاردا هەیە.