لە ٥ مانگدا، ٤٠ هاووڵاتی لە پارێزگای ورمێ لە ئاودا خنکاون

15:58 - 13 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە ٥ مانگدا، ٤٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی پارێزگای ورمێ، لە کاتی مەلەکردندا خنکاون.

بەرپرسی ناوەندی ڕووداو و ئوڕژانسی پارێزگای ورمێ، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: \"لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤٠ هاووڵاتی، بەهۆی ئاشنانەبوون بە مەلەکردن، گیانیان لەدەست داوە\".

\"باقر بەهرامی\" ڕایگەیاند: \"بەگشتیی ٦٩ هاووڵاتی بەهۆی ناشارەزابوون لە فەنی مەلەکردن، تووشی خنکان بوون کە ٤٠ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٢٩ کەسی دیکەیان لە نەخۆشخانە لە مردن ڕزگاریان بووە\".

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، خنکانی ئەم ٤٠ هاووڵاتییە، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ هەتا ١٢ی گەلاوێژ، بووە.

\"باقر بەهرامی\" هەروەها ڕایگەیاند: \"لە شاری ورمێ ٢٩ کەس، خۆی ٩ کەس، شنۆ ٢ کەس، میاندواو ٦ کەس، سەردەشت ٨ کەس، ماکۆ ٢ کەس، مەهاباد ٢ کەس، پیرانشار ٥ کەس، بۆکان ١ کەس، سایین‌ قەڵا ٣ کەس و چایپارە ٢ کەس، کە سەرجەم ٦٩ کەس بوون و ٤٠ کەسیان گیانیان لەدەست داوە\".

بەرپرسی ناوەندی ڕووداو و ئوڕژانسی پارێزگای ورمێ، بە بەراوردکردنی خنکانی هاووڵاتییان لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ڕایگەیاند: \"ساڵی ڕابردوو سەرجەم ٢٢ حاڵەتی خنکان بووە کە ١٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٥ کەسیان لە مردن ڕزگاریان بووە\".

ناشارەزایی لە مەلەکردن و نەبوونی تابلۆکانی ڕێنوێنی و هۆشداری لە شوینە گەشتیارییەکان، ساڵانە چەندین هاووڵاتیی کورد دەکاتە قوربانی.