لە لایەن دادستانێکەوە، وەک خەڵات هەواڵنێریک ئازاد کرا

14:58 - 19 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی کاناڵی تێلێگرامیی \"هزار پیشە\"ی شاری ئیلام، پاش چەند کاتژمێر لە دەسبەسەرکرانی، ئازاد کرا.

\"ئیرەج موقەدەم\"، بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی کاناڵی تێلێگرامیی \"هەزار پیشە\"، لەسەر بڕیاری دادستانی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر، ئازاد کرا.

\"ئیرەج موقەدم\"، پاش بەشداری لە بەرنامەی \"مانگە شەو\"، لە پێش بینای دەنگ‌وڕەنگی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری ئیلام دەسبەسەر و دواتر ئازاد کرا.

لەو پەیوەندییەدا، دادستانی شاری ئیلام ڕایگەیاند: \"دەسبەسەرکردنی بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی \"هەزار پیشە\"، بەهۆی ڕێزگرتنی ڕۆژی هەواڵنێران بووە و ئەم هەوڵەی دەزگای قەزایی، خەڵاتێکە بۆ ڕۆژی هەوڵنێران\".

هەواڵدەریی دەنگ‌وڕەنگی ئیلام هۆکاری دەسبەسەرکردنی \"ئیرەج موقەدەمی\" بۆ سکاڵای هەندێک لە دەزگاکانی بەڕێوەبەری و ڕەخنەی شێوازی بڵاوکردنەوەی کەم و کۆڕییەکانی ئەو شارەی لە کاناڵی تێلێگرامیی هەزار پیشە، گەڕاندەوە.

دەسبەسەرکردنی بەڕێوەبەری پایگای خەبەریی \"هەزار پیشە\"، دژکردەوەی توندی \"هەندیک لە میدیاکان، بەڕێوەبەرانی هەندێک لە ماڵپەڕەکان و چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی خەڵکی ئەو شارە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.

کاناڵی تێلێگرامیی \"هەزار پیشە\"، نزیکەی ٣٥ هەزار بەردەنگی هەیە و لە ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە، دەستی بە چالاکی کردووە.