لە شوێنە گشتییەکانی مەریوان کوتەک و گۆپاڵ دەفرۆشرێت

15:03 - 2 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کەسانی ناخۆجیی لە شاری مەریوان هەوڵی فرۆشتنی جۆرەکانی کوتەک و گۆپاڵ لە نێو کڕیارانی لاوای ئەو شارەدا دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێنانی کوتەک و گۆپاڵ لە لایەن کەسانێکی نەناسراو کە ناسنامەیان ڕوون نیە لە شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەریوان بە خەڵکی ئەو شارە دەفرۆشن.

فرۆشیاران کەسانی ناخۆجێین و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێرانن و بە هێنانی تەلیسی پڕ لە گورز و گۆپاڵ لە کۆڵان و گەڕکەکانی شاری مەریوان هەوڵی فرۆشتنی دەدەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان بە ناردنی ئەو ڕاپۆرتە وێنەییە ڕایگەیاند: دیاردەی فرۆشتنی گورز و گوپاڵ، بووتە جێی پرسیاری هاووڵاتییانی مەریوان و لە ڕوانگەیەکی شاراوەوە لەو جۆرە هەڵسوکەوتە دەڕوانن و ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتییانی مەریوانی لێ‌کەوتووتەوە.

یەکێک لە کاسبکارانی شاری مەریوان ڕایگەیاندووە، هەتاکوو ئێستا ئەو کەسانەی لە نێو کاسبکارەکاندا نەدیتووە و بە شێوازی ئاخاوتنیاندا، دیار خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران بن کە بۆ ئەو شارە هێنراون.

هەنووکە هێزە ئینتزامییەکان سەبارەت بەو دیاردەیە هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان پێشان نەداوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی بە کوردپا گەیشتووە، چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان لە هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ، و پێشکەش کردنی بەفرماندارین بۆ پێشگیری لە فرۆشتنی ئەو کەرەستانە لە ناو شاردا.

یەکێک لە واژۆکەرەکانی ئەو تۆمار نامەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی کوردپا گوتی: شاری مەریوان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە ناوەندێکی ئاشتیخوازانە و شوێنی چالاکییە مەدەنییەکان و هاوکات نموونەیەک، بۆ شارەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ڕایگەیاند: بە داخەوە لە شاری مەریوان ڕووداوگەلێک ڕوودەدەن کە تەواوی ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی ئەو شارەی خستەوەتە ژێر چاوەدێریی خۆیەوە، کە ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتییان. لە ئاکامدا، دۆخێکی پۆلیسی بەسەر شاردا زاڵ بووە.

دیاردەی باندی هیوا تاب، خۆکوژییە گۆماناواییەکان، هێرشی ژنانی لەش فرۆش ... لە حاڵەتگەلی بەرنگار بوونەوەی ئیشارە بۆ کراوی چالاکانی مەدەنی بوون.

هەروەها یەکێک لە باس و گفتوگۆ جیدییەکان، لە کۆبوونەوە سیاسییەکانی ئێران، بوونی کەس و گرووپگەلێکی گوشارە لە شارەکانی ئێراندا کە لە ئەدبیاتی ئەمڕۆ لە ژێر ناوی \"خۆسەرەکان\" کە لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵات و بان یاسایی و گرێدراوی ناوەندی دەسەڵاتەوە ڕێبەری و ڕێنوێنی دەکرێن.