لە شنۆ دەستبەسەر کردنی بە کۆمەڵ درێژەی هەیە

22:15 - 18 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری شنۆ لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی کوردی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی دووشەممە و سێ شەممە حەوتووی ڕابردوو، نزیکەی ١٧ هاووڵاتیی دانیشتووی شنۆ و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارە لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەی باوەرپێکراوی ئاژانسی کوردپا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەکان بۆ شاری ورمی ڕاگوێزراون.

شوناسی دوو کەس لەو ١٧ کەسە، بە ناوەکانی لوقمان عەزیزی تەمەن ٤٥ ساڵە و سەلیم یارۆ تەمەن ٤٣ ساڵە لە شاری شنۆ ڕاگەیەنراوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە هەر دووکیان خێزاندارن.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا دەڵێت: ژمارەی دەستبەسەر کراوەکان زیاتر لەو دوو هاووڵاتییەیە و بە وتەی شایەتحاڵەکان لانیکەم ١٧ هاووڵاتیی لە گوندەکانی \"دێ شەمس\"،\"سووجە\"،\"باڵاگیر\" و \"عەلی ئاوا\" لەلەیەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لەکاتی ڕوون بوونەوەی شوناسی دەستبەسەر کراوەکان، ئاژانسی کوردپا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییانە بڵاودەکاتەوە.

لە هۆکار و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی ئەو هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نیە، بڵام ڕاگەیەنراوە کە هۆی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانە، پەیوەندی هەیە بە ڕووداوی گوندی \"قەرەسەقل\" کە لەوێدا سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون هاتوون.

پێشتریش، شوناسی پێنج هاووڵاتیی دیکە لە شاری شنۆ بە ناوەکانی فەتاح پوور ئەحمەد، لوقمان ئەمینی، یەعقوب و سەدیق بااکرام و جەلال مەحموودی لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە بڵاوکرابووە.

هەتاکوو ئێستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی سەبارەت بە دەستبەسەر کراوەکانی ئەم دوایانەی کوردستانی ئێران(شنۆ، سنە، مەریوان، مەهاباد، سەقز، بوکان، سەوڵاوا، سەردەشت و ...هیچ کاردانەوەیەکیان لە خۆیان پێشان نەداوە، بەڵام بەرپرسانی نیزامیی_ئەمنیەتی ئاماژەیان بە \"شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ حیزبە کوردەییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" باس و لێدوانیان داوە.

هەروەها ڕاگەیاندە فارس زمانەکان لە تاراوگە لەو پەیوەندییەدا تەنانەت چووکەترین ڕاپۆڕتێکیان لە مەڕ شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد بڵاونەکردووتەوە زۆرتر هەواڵی پەیوەندییداریان بە ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی ڕوماڵ کردووە.