لە شارەکانی کوردستانی ئێران، یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال و کۆبانی کۆدەکرێتەوە

15:39 - 20 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای کۆنتڕۆڵ کرانی شاری کوردنشینی شەنگال لە هەرێمی کوردستان لەلایەن چەکدارانی داعشەوەو ئاوارە بوونی هەزاران هاووڵاتیی کورد و گەمارۆکانی سەر شاری کۆبانی لە کوردستانی سووریا، لە کوردستانی ئێران کەمپەینێکی پشتیوانی لە خەڵکی ئەو دوو شارە کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، بە مەبەستی پشتیوانیی مادی و مەعنەوی لە لێقەوماوان و ئاوارەبوانی شارەکانی کۆبانی و شنگال و مەحکووم کردنی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چەندین کەمپەین دامەزرا.

ئیجلال قەوامی وتەبێژی کەمپەینی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و شنگال، لە لیدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ پاش رووداوەکانی شنگال و پشتیوانیی هاووڵاتییانی ئیزەدیی شنگال و خەڵکی کۆبانی، کەمپەینێکمان وەرێخست و لە ئێستادا چاوەڕێی مۆڵەتی فەرمی بۆ دەستبەکار بوونی چالاکییەکانمان دەکەین.

\"21355.jpg\"
ئیجلال قەوامی وتەبێژی کەمپەینی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و شنگال
قەوامی گوتیشی؛ هەر چەند بەشێک لە کاری کەمپەینەکە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ مەحکووم کردنی کردەوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵک دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆنسێرتی مۆسیقایی و کۆڕی شێعریش بەڕێوە دەبەین و داهاتەکەی بۆ لێقەوماوانی ئەو رووداوە تەرخان دەکرێت.

گوتیشی: سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە بەشداریی شاعیرانی وەک جەلال مەلەکشا، ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا، مەحموود مەحموودی، عەلیڕەزا قاسمی، عەلی ئۆلفەتی و ساڵح سووزەنی کۆڕێکی شێعری بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردی بۆ پشتیوانی و هاودڵی لەگەڵ منداڵانی شنگال و کۆبانی، لە دەفتەری حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ بەڕێوە دەچێت.

وتە بێژی کەمپەینەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی داوامان لە هونەرمەندانی کوردی وەک شارام نازری و سدیق تەعریف کردووە، کە کۆنسێرتی مۆسیقای کوردی بەڕێوە ببەن و داهاتەکەی پێشکەشی خەڵکی شنگال و کۆبانی بکەن.

قەوامی روونیشی کردەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین، کە یارمەتییەکانی وەک خواردەمەنی، دەواو دەرمان، پارەی نەخت، پێخەف و ژێرڕاخەر و خێمە بۆخەڵکانی لێقەوماوی شنگال و کۆبانی کۆبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە هاوڵاتییانی شاری جوانڕۆ لە ئوستانی کرماشان، بە شێوەی خۆڕسک یارمەتی بۆ ئاوارە بووان و لێقەوماوانی شنگال و کۆبانی کۆدەکەنەوە.

ئەو چالاکە کوردانە، یارمەتییەکانی وەک خواردەمەنی، پەتوو، دەواودەرمان و بەگشتی ئەو پێداویستییانەی کە دەتوانن بۆ ئاوارە بوانی دابین بکەن، لە هاووڵاتییانی وەردەگرن و بۆ لێقەوماوانی کۆبانی و شنگالی بەڕێ دەکەن.

\"21359.jpg\"
هاوکات لە شاری سەردەشت، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی بە مەبەستی وەڕێخستنی کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی شنگال و نآوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، سەردانی شۆرای ئەو شارەیان کرد.

دەگوترێت، ئەو چالاکە کوردانە داوایان کردووە، کە بە زووترین کات رێگەیان پێ بدرێت، کە یارمەتی لە هاووڵاتیاینی سەردەشت و دەوروبەری کۆبکەنەوەو رەوانەی ناوچە شەڕ لێدراوەکانی هەرێمی کوردستانی بکەن.
\"21357.jpg\"

\"21361.jpg\"

\"21360.jpg\"