لە شارەکانی سەقز و کامیاران، یارمەتی کۆکردنەوەی بۆ لێقەوماوانی شنگال قەدەغە کرا

14:10 - 27 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا کەمپینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال لە شارەکانی سەقز و کامیاران، بە مۆڵەتی فەرمییەوە ماوەی چەند رۆژێک بوو دەستیان بە چالاکی کردبوو، چالاکییەکانیان پێ راگرتن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو بەڕێوەبەرانی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەواوانی شنگال لە شاری سەقز، لەلایەن ئیدارەی ئەماکینەوە ئاگادار کرانەوە، کە رۆژی دووشەممە دوایین مۆڵەتی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانتان دەبێت.

حەسەن رەحیمی وتەبێژی ئەو کەمپەینە لە شاری سەقز رایگەیاندووە؛ سەرەڕای ئەوەیکە هاوئاهەنگیی پێویستمان لەگەڵ مانگی سوور کردبوو، کە هەتا کۆتایی رۆژی چوارشەممەی ئەم حەفتەیە یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال کۆ بکەینەوە، بەڵام پێیان راگەیاندین کە رۆژی دووشەممە دوایین مۆڵەتی کۆکردنەوەی یارمەتییەکانتان دەبێت.

\"21566.jpg\"
ئەو بەرپرسەی کەمپەین بێ ئاگایی خۆی لەو بڕیارە راگەیاندووەو گوتووشیەتی: لە ماوەی رابردوودا یارمەتیی هاووڵاتییان بۆ لێقەوماوان رۆژ لەگەڵ رۆژ رووی لە زیاتر بوون کردووەو تەنانەت چەندین منداڵ پارەی نێو دەغیلەکەی خۆیان پێشکەش بە منداڵانی لێقەوماوی شنگال کردووە.

چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز لە چەندین شوێنی ناوشار و بە مەبەستی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی شنگال خێوەتیان هەڵداوە، کە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا لەگەڵ هاوکاری و یارمەتیدانی بێ وێنەی هاووڵاتییانی شارەکە بەرەوڕوو بوونەتەوەو هاوکات کارمەندانی بانکی میللیش مووچەی یەک رۆژی کارکردنیان پێشکەش بە لێقەوماوانی شنگال کردبوو.

لەلایەکی دیکەوەو لە کاتێکدا کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال لە شاری کامیاران سەرقاڵی کۆکردنەوەی یارمەتی بوو، بە بریاری ئوستاندار کۆکردنەوەی یارمەتییان راگرت.

هەروەها فەرمانداری شاری سەردەشت ژمارە حیسابی بانکیی کەمپەینی \"سەردەشت لە شنگال\"ـەیان داخستووەو ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە خۆیان لە هاوکاریی شۆرا و مانگی سووری ئەو شارە بواردووە.

هەتا ئێستا هۆکاری ئەو بریارەی ئوستانداریی کوردستان لەمەڕ راگرتنی چالاکیی کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال روون نەبۆتەوە، بەڵام بە وتەی چالاکانی سیاسی، ناوەندە حکوومەتییەکان بە هاناچوونی بەرینی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران بۆ لێقەوماوانی شنگال، بە هاوپەیوەندییەکی بەهێزی نەتەوەیی لێک ئەدەنەوەو هەر بۆیە بڕیاری کۆتایی هێنان بە چالاکیی ئەو کەمپەینانەیان دەرکردووە.