لە شاری پیرانشار شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە ڕوویدا

14:31 - 3 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کەس لە ئەندامانی هەنگی سنووری لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە شاری پیرانشار کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیلنا\" سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا.

لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدوڵعەلیزادە\" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە.

ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە لە نزیک بورجەکی تەمەرچینی٢ ڕوویداوە؛ هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسایەتی ئەو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

کاتژمێر ١١ شەوی سێشەممە ١٥ی جۆزەردان، لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە سنووری شاری سەردەشت دوو کەس لە ئەندامی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە ناوەکانی \"ستوان یەکەم یووسف پیرانە و ئیستوار یەکەم مەحبووب قوربانی\" کوژران.

ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هۆکاری ئەم شەڕ و تێکهەڵچوونانەیان خستووتە ئەستۆی \"حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\".