لە شاری نەغەدە سێ قوتابیی کچ هاوکات هەوڵی خۆکوژیان داوە

15:50 - 17 بانەمەڕ 2718
ئاژانیسی کوردپا: شاکاری سیستمی پەروردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران، خۆکوژیی سێ کچی قوتابیانی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ، سێ قوتابیی کچی قۆناغی دواناوەندی لە شاری نەغەدە، پێکەوە هەوڵی خۆکوژیان داوە.

لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوژیی ئەو سێ قوتابییە کچە، یەکێک لە قوتابییەکان کە شوناسی \"س. پ\" ڕاگەیەندراوە گیانی لە دەست دەدات.

هاوکات یەکێکی دیکە لەو قوتابییانە کە شوناسی \"پ. ق\" ڕاگەیەندراوە، بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و لە کۆمایە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، یەکێک لەو کچان لە خۆکوژییەکەی پەشیمان بووەتەوه.

ئەو سێ قوتابییە، پێکەوە هاوڕێ بوونە و پێکەوەش بڕیاریان داوە، کە خۆیان بکوژن، بۆ خۆکوژیش کەڵکیان لە حەبی \"برنج\" وەرگرتووە.

سیستمی پەروەردە و ڕاهێنانی حکوومەتی ئێران، هەر لە بنەڕەتدا سیستمێکی داخراو و ناوەندگەرایە کە گەشەی مرۆیی لە هیچ بوارێکدا بەتایبەت لە باری مەعنەوییەوە، تێدا ڕەچاو نەکراوە.

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی حکوومەتی ئێران، یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە، کە بوودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان دەکرێت و شێوازە زانستییەکانیش بۆ پەروەردە لەبەرچاو ناگیرێت.

حەبی برنج یان فۆسفیدی ئالمنیۆم ژارێکی مەترسیدارە، کە بە مەبەستی پاراستنی دانەوێڵە، برنج، ئالیک لە ئافات بەکار دەبردرێت.