لە شاری سەقز پانێلێک لەسەر مۆسیقای کوردی بەڕێوەچوو

20:21 - 16 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی شاری سەقز، پانێلێکی بۆ \"دڵزار عابدی\"، کارناسی ئاهەنگسازیی زانکۆی تاران، ساز کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی شاری سەقز لە پانێلێکدا، پێکاتەکانی مۆسیقای کوردی و جیاوازیی مۆسیقای نەتەوەی کوردی لەگەڵ مۆسیقای نەتەوەکانی دیکە، بە شێوەیەکی زانستی و ئاکادمیک بەڕێوەبرد.

لەم پانێلەدا ئەو ڕاستییە بە شێوەیەکی زانستی سەلمێندرا کە مۆسیقای کوردی مۆسیقایەکی تەواو سەربەخۆیە و جیاوازییە بنەڕەتییەکانی مۆسیقای کوردی بە شێوەی ئاکادمیک ئانالیز کرا و بۆ ئامادەبووان ڕوون کرایەوە.

لەو پانێلەدا، جیاوازییەکانی مۆسیقای هاوچەرخی کورد لەگەڵ مۆسیقای فۆلکلۆر شی کرایەوە و ئاماژە بەم ڕاستییەش کرا کە هەنووکە لەبەر ژێردەستەبوونی نەتەوەی کورد و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی کورد و پلانی نەیاران، ئەم مۆسیقایە لە حاڵی کزبوون و لەنێوچووندایە کە پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی جیددییە بۆ بوژاندنەوە و پاراستن و پەرەپێدان.

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان بە وروژاندنی چەند پرسیارێک و وڵامدانەوەی \"عابدی\"، کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کردەوە.