لە شاری سەقز دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی ئەمنیەتی مەحکووم کران

14:18 - 15 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز لە دوو حوکمی جیاجیادا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە یەکسال و شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

سەرچاویەکی ئاگادار لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:\"دادگایی کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە تۆمەتی ئەندامبوون و لایەنگەریی یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیونەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە سەرۆکایەتی سەید جەعفەر ڕەحیمی بەڕێوە چووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەردەڵان شەریف زادە کوڕی جەلیل بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئێران لە ڕێگای پێکهێنانی گرووپگەلێک لە دونیای مەجازی لە بەرژەوندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون و پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ لە یاسای سزای ئیسلامی بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە\".

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: \"کامیل شەریفزادە\" کوڕی \"خەلیل\" بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردەییەکانی ئۆپۆزسیون و پڕوپاگەندە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ لە یاسای سزای ئیسلامی، بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە\".

بە پێی وتەی ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە، سزای دەرکراو بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ئامادە بوونی خۆیان پێیان ڕاگەیەندراوە و هەتا ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە ئەو دوو هاووڵاتییە دەتوانن لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان، ناڕەزایەتی دەرببڕن.

لە هەواڵێکی دیکەشدا، حەوتووی ڕابردوو لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ لە ژێرگوشار و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی سپا و ئیتلاعاتی شاری ورمێ، حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانی بۆ ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بڕیبووەوە.

ئەو هاووڵاتییانە خەڵکی گوندی \"قەرەسەقل\"ی سەر بە شاری شنۆن. دەزگای قەزایی ئەو ٧ هاووڵاتییەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کردبوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی رابردوودا،[(٩٤)ی هەتاوی]، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد بە تاوانی جۆراوجۆر لەلایەن ناوندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەت لە کوردستان دەستبەسەر کراون.

تەواوی ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتەکانی وەک\"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" تاوانبار کراون.