لە شاری سنە و سەقز، هەڕەشەی ئەنجامدانی تەقینەوە لە کاتی ئاگری نەورۆزدا دەکرێت

20:20 - 14 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چەند کەسێکی لە گەڕەکی (تەپی ماڵان)ی شاری سەقزو گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە، هەڕەشەی ئەنجامدانی تەقینەوەیان لە ئەگەری هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمە، چەند کەسیکی نەناسراو، ئاگادارییان بڵاو کردۆتەوە و تیایدا خۆیان بە ئەندامی گروپە سەلەفییەکان ناساندووە، رایانگەیاندووە کە ئەگەر خەڵک لە بەرەبەری نەورۆزدا ئاگر بکەنەوە، تەقینەوە لەنێو خەلکدا ئەنجام ئەدەن.

سەرچاوەیەک لە شاری سەقز وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو کەسانە ئاڵایەکی ٨ میتریی رێکخراوی \"داعش\"یشان هەڵکردووە.

ئەو سەرچاوەیە روونی کردەوە؛ بە سەرنجدان بەوەیکە پێشتریش ئیتلاعات هۆشداریی ئەوەی بە هاووڵاتییان دابوو کە خۆیان لە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز ببوێرن، پێدەچێت دەستی ئیتلاعات لەپشتی هەڕەشەی ئەنجامدانی تەقینەوەو هەڵکردنی ئاڵای داعشەوە بێت\".

\"25166.jpg\"
سەرچاوەیەک لە شاری سەقز: ببە سەرنجدان بەوەیکە پێشتریش ئیتلاعات هۆشداریی ئەوەی دابوو کە خۆیان لە هەلکردنی ئاگری نەورۆز ببوێرن، پێدەچێت دەستی ئیتلاعات لەپشتی هەڕەشەی ئەنجامدانی تەقینەوەو هەڵکردنی ئاڵای داعشەوە بێت
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە گەڕەکەکانی شاری سنەو بەتایبەت لە مزگەوتی گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنەش ئاگاداریی هەڕەشە ئامێز بڵاو کراوەتەوەو هەڕەشەی ئەنجامدانی تەقینەوەیان لە کاتی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا کردووە.

هاوکات رێکخراوی داعش، لە ماوەی رابوردوودا بڵاوی کردەوە، لە ئەگەری هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە کوردستان، ١٧ پێشمەرگەی دیلی دەستی خۆی ئاگر تێبەر ئەدات.

لە ساڵانی رابردووشدا، هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەبەرەبەری بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆزدا، هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنیان لە ئەگەری هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا لە هاووڵاتییان دەکرد.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر شرۆڤەی بڵاوبوونەوەی ئاگاداریی هەرەشەی تەقینەوە لە کاتی هەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا دەکەن و بەشێکیان لەو باوەڕەدان کە حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بۆ پاساو هێناەوە بۆ لەسێدارەدانی ٦ زیندانیی مەزهەبیی کوردی دانیشتووی گەرەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە و هەروەها پێشگیری کردن لە بەڕێوەچوونی ئاگری نەورۆز ئەو ئاگادارییانەی بڵاو کردۆتەوە.

بەشێکی دیکەش لەو باوەڕەدان کە سەلەفییەتی جیهادی لە کوردستان هاوتەریب لەگەڵ رێکخراوی داعش دژایەتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی ئاگری نەورۆز دەکەن.

هەتا ئێستا هیچکام لە گروپە سەلەفییەکان بەرپرسیارەتیی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی ئاگاداریی هەڕەشەئامێزی تەقینەوەو هەڵکردنی ئاڵای داعش رانەگەیاندووە.