لە شاری بانە، کچێکی لاو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:52 - 6 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کچێکی لاو خەڵکی شاری بانە، بە هۆکارێکی نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کچێکی لاو تەمەن ١٨ ساڵە، لە شاری بانە بە خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە، شوناسی ئەو کچە لاوەی بە \"دڵسۆزسەلیمی\" دانیشتووی شەقامی\"ئەماکن\" ڕاگەیاندووە.

ئەو کچە تەمەن ١٨ ساڵە، لە ماڵی خۆیاندا خۆی کوشتووە و هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژییەکی ناڕوونە.

ڕۆحی شەفیعی چالاکی ژنان، توندوتیژی بە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆسووتاندنی ژنان ڕاگەیاند و دەڵێت: \"توندوتیژی دەوڵەتی و فەرمی و یاسایی، کە لە هەر شوێنێک بەرچاو دەکەوێت، ئاڵۆزییە سونەتییەکانی زۆرتر کردووە و لە شوێنەکانی دیکەی ئێران ئەو دیاردەیە بە هێزترە\".

زۆربەی خۆکوژییەکان لە ئێران، بە تایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و بنەماڵەییەکان دەگەڕێتەوە و هەتا ئێستا دیاردەی خۆکوژی لە ئێران لە حاڵی پەرەسەندن دایە و وەکوو سونامی خۆکوژی ناوی لێ دەبەن.