لە شارستانی سەلاسی باوەجانی شوێنەوارە مێژووییەکان تاڵان دەکرێن+وێنە

14:19 - 8 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاسەوارە مێژووییەکانی تەپۆڵکەی قوڵقوڵە لە شاری سەلاسی باوەجانی، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە بەتاڵان براون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەپۆڵکەی قوڵقوڵە، کە لە تەنیشت رێگەی نێوان سەلاسی باوەجانی بۆ جوانڕۆ هەڵکەوتووە، بە شێوەی نایاسایی هەڵدراونەتەوە و ئاسەوارەکانی تاڵان کراون.

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، ئاسەوارە مێژووییەکانی تەپۆڵکەی قوڵقوڵە بە ئاشکرا \"ئەدزرێن\" و رۆژانە بە ئاشکرا چەند شوێنێکی لێ هەڵئەدرێتەوە.

تەپۆڵکەی قوڵقوڵە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەستەڵاتداریەتیی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٤ لە ریزی ئاسەوارە میللی‌یەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکان نووسیویەتی، ساڵی رابردووش رەوتی هەڵدانەوەی ئەو تەپۆڵکەیە بەردەوام بووە و دەوڵەت و ئیدارەی میرات فەرهەنگی هیچ بودجەیەکی بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارە مێژووییە دابین نەکراوە.

هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان، کە ئەو شوێنەوارە مێژووییانە لەلایەن کەسانی سەربە سوپای پاسداران و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هەڵئەدرێنەوە، بۆیە لەلایەن ئیدارەی میرات فەرهەنگی‌یەوە هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان ناکرێت و پلان‌یان بۆ چاوەدێریی ئەو شوێنەوارە مێژووییە دانانێن.

هەروەها بەهۆی بێکاری و هەژاریی لەڕادەبەدەر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، کەسانێک روو لە هەڵدانەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان دەکەن، کە ئەمەش وەکوو مەترسییەک بۆ سەر ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان دادەندرێت.

پێشتریش ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردبوویەوە، کە تەپۆڵکەی مێژوویی \"سوورە بی\" لە دەوروبەری شاری سەحنە، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی دەستەڵاتداریەتیی مادەکان دەگەرێتەوە، لەلایەن چەند کەسێکەوە بەرەوڕووی هەڵدانەوە و \"تاڵان کران\" ببوویەوە.

لە شارەکانی کوردستان نەبوونی چاوەدێری لە شوێنەوارە مێژووییەکان لە ئاستێکدایە، کە رێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەشێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی نێو مۆزەخانەی شاری کەنگاوەر بە تالان بردرا.
\"19679.jpg\"

\"19680.jpg\"

\"19681.jpg\"

\"19682.jpg\"