لە سەلاسی باوەجانی ٩ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران

22:50 - 9 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان ٩ هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی شاری سەلاسی باوجانی بۆ زیندانی دیزڵ ئاوای ئەو شارە گواستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەئموورانی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان لە هەوڵێکدا ٩ هاووڵاتیی کورد لە شاری سەلاسی باوجانیان دەستبەسەر کرد.

ستادی خەبەریی ئەو شارە بە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکانی ڕاگەیاندووە کە؛ دەستبەسەر کراوەکان ڕەوانەی زیندانی دێزڵ ئاوای شاری کرماشان کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان باس لە تۆمەتی ئەمنیەتی و پەیوەندیی ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەن.

شوناسی حەوت کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی سەلاسی باوجاونی بریتین لە، نەجیم خدادای، جەمشید شەریفی ئازاد، شەمسوڵڵا مورادی، هوشیار نەمامی، عەنایەت ڕەمەزانی، مەحموود سەباحی و جەهانبەخش نەمامی.

یەکێک لە نزیکانی دەستبەسەر کراوەکان سەبارەت بە چۆنیەتی دەستبەسەر کردنی یەکێک لەو هاووڵاتییانە لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتیەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: سەرلەبەیانیی زوو بە دەنگی توندی لێدانی درگاکە لە خەو هەستام، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ هێچ لێداوانێک هاتنە نێو ماڵەکە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکە کرد و دواتر دەستبەسەریان کرد.

ئەو کەسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەتییەکان لەگەڵمان زۆر توند و لەگەڵ بێڕێزی و تۆمەت لێدان بەرەوڕوو بووە و تەنیا داویان لە ئێمە کرد هەتا دەرئەنجامی کۆتایی بێدەنگ بین و لە دانی هەر زانیارییەک خۆمان ببوێرین.

حەوتووی ڕابردووش، نزیکەی ١٩ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کران و بەو شێوەیە ژمارەی دەستبەسەر کراوەکان گەیشتە ٥٠ کەس.

شەپۆلی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا زۆرتر بووە و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، شارەکانی شنۆ، سنە و سەوڵاوا زۆرترین ئاماری بانگهێشت و دەستبەسەر کردنەکانی بۆ خۆی تەرخان کردووە.