لە سەلاس باوەجانی کاناڵی سەرسنوور گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ستاند

20:09 - 18 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی کاسبکاری کوردی خەڵکی سەڵاس باوەجانی بەهۆی کەوتنە ناو کاناڵی سەر سنوورەوە گیانی لە دەست دا.


بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوێنێ رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر \"ئیسماعیل محەممەدی\" تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی سەلاس باوەجانی کە بە ماتۆڕ و بەمەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانی رووی لە سنووری \"شێخ سڵە\" کردبوو، کەوتۆتە ناو کاناڵەکانی هەڵکەندراوەکانی سنوورەوە و ئەو رووداوەش بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئیسماعیل محەممەدیدەرچووی زانکۆی شاری نەیشابوور بوو.

خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان لەبەر بێدەرەتانی و دەستکورتی بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیان، روو لە ناوچە سنوورییەکان دەکەن و حکوومەتی ئیسلامی ئێران بەمەبەستی پێشگیری لە هاتووچۆی ئەو هاووڵاتییانە بە درێژایی سنوورەکانی کوردستان کاناڵی هەڵکەندووە.

هەروەها دوێنێ ٢ کۆڵبەری کورد بەهۆی بوردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە لە بناری قەندیل گیانیان لەدەست دا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە سەرەتای وەرزی پایزەوە هەتا ئێستا ٢٨ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە کوژراون، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٩ کەسیان کۆژراون و ٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.