لە سەقز کۆڕیکی شێعر خوێندنەوە و رەخنەیی بەڕێوە چوو

20:25 - 29 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لەلایەن \"ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی\"یەوە لە هۆڵی کۆمەڵەی فەرهەنگیی شاری سەقز ئێوارە کۆڕی شێعر خوێندنەوە بۆ ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور رێکخرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٣ و نیوی دوانیوەڕۆی روژی سێ شه ممه ٢٨ی سەرماوەز بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک ئەدیب و شاعیر و ئۆگرانی ئەدەبیات و هونەر، ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور ناسراو بە \"شەماڵ\" شاعیری سەقزی کۆمەڵێک لە شێعرەکانی خۆی خوێندەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیت بەشداری کردنی خەڵک لە کۆڕە فەرهەنگییەکاندا بەرچاو نییە، بەڵام لەو ئێوارە شێعرەدا کۆمەڵێکی زۆر لە ئۆگرانی ئەدەب ئامادە بوون و گوێبیستی نوێترین شێعرەکانی ئەو شاعیرە بوون.

لەبڕگەیەکی دیکەدا دەرگای دیالۆگ و رەخنە بەڕووی شێعرەکاندا کرایەوە و هەندێک کەس رەخنە و سەرنجی خۆیان لەسەر شێعرەکان دەربڕی و ئەمەش بووە هۆی سازبوونی کەشێکی دیالۆگی ئەدەبی لە نێوان ئامادە بواندا.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوش داوە، ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور بەدڵ ئاوەڵاییەوە گوێبیستی رەخنەکان بووە و بە کارێکی گرینگی وەسف کردووە.

ئیبراهیم ئیسماعیل پوور، ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی له گوندی قاقڵاوا\" لە دایك بووە، مامۆستای ده‌رسی كۆمه‌ڵناسی و بڕوانامه ی ماسته‌ری له مێژوو و فه‌لسه‌فه‌ی په‌روەرده‌دا له تاران وه‌رگرتووه.

ناوبراو ماوەی چەندین ساڵە لە قوتابخانەکانی شاری سەقز سەرقاڵی وانە وتنەوەیە و لەگەڵ ئەوشدا ساڵی ١٣٨٣ بە شێوەی خۆڕسک فێرگه‌ی زمانی كوردیی \" سۆما\"ی لە شاری سەقز دامەزراندوە و بەڕێوەبەریی ئەو فێرگەیەی لە ئەستۆیە.