لە سەقز پێشوازییەکی گەرم لە پیشانگای هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی پاوە کرا

14:14 - 3 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندی دەست ڕەنگینی کورد بەشیر ناسری، لە درێژەی چالاکییە هونەرییەکانیدا، پیشانگایەکی \"نەقاشی\" لە شاری سەقز کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئافرێنەری پەیکەرەی \"خۆڕاگریی کۆبانێ\" پیشانگایەکی شێوەکاریی بە ١٧ تابلۆ لە نیگارخانەی شاری سەقز خستە بەرچاوی هونەردۆستانی ئەم شارە و پێشوازییەکی گەرمی لێ‏ کرا.

ئەم هونەرمەندە کوردەی خەڵکی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان خوێندنی لە بواری هونەر لە زانکۆی هونەری تاراندا تەواو کردووە و ماوەی چەندین ساڵە لە بوارەکانی پەیکەرسازیی و شێوەکاری، چالاکی دەکات و تا ئێستاش چەندین بەرهەمی هونەریی خوڵقاندووە کە گرینگترینیان بریتین لە سەرديسی هونەرمەندان مەزهەر خالقی، شێرکۆ بێکەس، خاڵۆ حسەین کۆهکەن، مامۆستا هەژار، مەولەویی کورد و ...هتد.

تا ئێستا ٢ بەرهەم لە پەیکەرەکانی بەشیر ناسری، کە بریتین لە پەیکەرەکانی مەولەویی کورد و میرزا عەبدولقادر پاوەیی، لە گۆڕەپانەکانی شاری پاوەدا دانراون.