لە سەرپێل زەهاو لاوێك لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە كوژرا

17:24 - 16 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لاوێكی كوردی ماتۆرسەوار بەهۆیەكی نادیار لەلایەن هێزەكانی بنكەیەكی نیزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە كەتۆتە بەر دەستڕێژ و گیانی لێ‌ ئەستێنراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی چواردەیەمی مانگی خاكەلێوە لە دەورووبەری گوندی \"جوانمێری\"ی سەر بە شاری سەرپێل زەهاو لە پارێزگای كرماشان لاوێكی ماتۆرسوار بەناوی \"كیانووش جوانمێری\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی بنكەی \"بزمیرئاباد\"ی سەر بە شارەدێی \"پشت تەنگ\" كەوتۆتە بەر دەستڕێژ و بەهۆی بەركەوتنی چەند گوللەیەك، دەسبەجێ‌ گیانی لەدەست داوە.

ساڵانە كۆمەڵێك لە هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن بنكەكانی هێزی ئینتزامییەوە دەكەونە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانیان لێ‌ دەستێنرێ‌.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لەمەڕ هۆكاری ئەو كارەی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.