لە سەردەشت كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بە تەقەی راستەوخۆ گیانی لێ‌ ئەستێنرا

18:35 - 18 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەشتی \"وەزنێ‌\" لە ناوچەی \"بوڵفەت\"ی سەردەشت كۆڵبەرێكی كورد گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی سێشەممە رێكەوتی ١٧ لەسەر ١٨ی خەزەڵوەر لە دەشتی \"وەزنێ‌\" لە ناوچەی \"بوڵفەت\"ی سەردەشت لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانی حكوومەتەوە تەقە لە كۆمەڵێك كۆڵبەری كورد كراوە و لە ئەنجامدا كەسێك بەناوی \"باپیر موجاهید\" كوڕی مەحموود و خەڵكی گوندێ‌ \"ئاڵوەتان\" دەستبەجێ‌ گیانی لەدەست داوە.

باپیر موجاهید تەمەن ٢٤ ساڵ و خێزاندار بووە و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەكەی دەستی داوەتە پیشەی پڕمەترسیی كۆڵبەری.

شەوی رابردووش بەهۆی بوردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیە لە بناری قەندیل، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"عەلی قادرزادە\" تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی \"کۆدەڵ\"ی سەردەشت \"شەپۆل ئەحمەدی\" کوڕی لوقمان تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی مەهاباد کوژراون و \"رێباز\" خەڵکی ناوچەی هێران و نازەنین لە هەریمی کوردستان و \"ئەبووبەکر خدر پیرۆت\" تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی \"چەکۆ\"ی سەر بە بەخشی وەزنێ شاری سەردەشت بریندار بوون.

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر لە رووداوێکدا لە سنووری سەلاسی باوەجانی و هەرێمی کوردستان کاسبکارێکی کورد بەناوی ئسماعیل محەممەدی كە سەرقاڵی كاسبی بووە كەوتۆتە ناو كاناڵی هەڵكەندراوی سەرسنووری \"شێخ سڵە\" و گیانی لەدەست داونە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرتای وەرزی پاییز ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ٢٨ كۆڵبەری كورد بوونەتە قوربانی.

لەو رێژەیە ١٩ كۆڵبەر كوژراون و ئەو ٩ كەسەكەی دیكەشیان بریندار بوون.

ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.