لە سەردەشت تەقینەوەی مین کۆڵبەرێکی کردە قوربانی

15:29 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێک کورد لە ناوچەی سنووریی سەردەشت بەهۆی راوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کەوتۆتە سەر مین و بەتوندی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەشەممە دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی راوەدوواندا، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"کەریم محەممەدپوور\" كوڕی ئەحمەد، کەوتۆتە سەر مینە چێندراوەکانی سەر سنوور و لە ئەنجامدا یەکێک لە لاقەکانی خۆی لەدەست داوە.

ئەو کۆڵبەرە خەڵکی گوندی \"بێورانی خوارێ\"ی سەردەشت بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری قەڵادزێی هەرێمی کوردستان کراوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا هێزه‌نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ته‌قه‌یان لە کۆڵبەرانی ناوچەی سنووریی ماکۆ کردبوو و به‌و هۆیه‌وە کۆلبەریک بەناوی\" شاهین میرزایى عه‌له‌م\" ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ به‌توندی بریندار کرابوو.