لە سەدا ٣٣ی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ئیلام داخران

15:42 - 8 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئابووریی ناوەندگەرا و تەرخان‌نەکردنی بوودجەی پێویست و ناوەندگەرایی سەرمایە و پیشە لە ناوەند، لەناوچوونی ئابووریی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانی لێ‌کەوتووەتەوە.

\"یاروڵڵا نەسیری\"سەرۆکی ڕێکخراوی پیشە، کانگا و بازرگانیی ئیلام، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ڕایگەیاند: \"نزیک بە لە سەدا ٣٣ی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی ئەو پارێزگایە نیوەچالاک یان داخراون\".

ناوبراو ژمارەی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی هەڵکەوتوو لە ئیلام‌ی بە ٥٣٧ کارگە و کارخانە ڕاگەیاند و گوتی؛ ١٨٣ یەکە داخراو یان نیوەچالاکن.

نەسیری نەبوونی توانایی ماڵی و نەبوونی وامە بانکییەکانی بە سەرەکیترین کێشەی بازاڕی ئێران لەقەڵەم دا.

پارێزگای ئیلام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دووهەمین پارێزگا لە بواری سەرچاوە گازییەکان و سێهەمین پارێزگا لە بواری سەرچاوە نەوتییەکانی وڵاتە و ئەوەش دەتوانێت ببێت بە هێزێکی باش بۆ خۆشبژیویی خەڵک.

بوونی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام لە کاتێکدایە کە داهاتی سەرانەی ئەو پارێزگایە کەمتر لە سەدا ٧٠ی نێونجی وڵاتە و کەمتر لە سەدا ٣٠ داهاتی سەرانەی تارانە.

نرخی بێکاری لەو پارێزگایە لە سەدا ٤٠ـە کە ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ نرخی لە سەدا ٢٧.٧ی وڵات و نرخی بێکاریی لە سەدا ٢٥ی دەرچوانی زانستگەی ئەو پارێزگایە دەرخەری هەڵاواردنی ئابووریە.